بەغدا.. چەند مووشەكێك ناوچەی سەوز دەكەنە ئامانج

:: PM:08:08:17/11/2019 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم هاوكات لەگەڵ بەردەوامی خۆپێشاندانەكانی عێراق، سێ مووشەك لە نزیك ناوچەی سەوزی بەغدا كەوتنە خوارەوە كە دەنگی تەقینەوەكان لە ناوچەی كەرادە و دەوروبەری لە ناوەڕاستی بەغدا بیسترا.

یەكەم پەیامی ئێران بۆ ئەمەریكا دوای خۆپێشاندانەكان گەیشت
پێشتر ناوە ناوە ناوچەی سەوزی بەغدا كە بارەگای حكوومەت و پەرلەمان و نێردە دیپلۆماسییەكانی تیادایە و بە پارێزراوترین ناوچەی عێراق و بەغدای پایەتەخت دادەنرێت، بەتایبەتی باڵوێزخانەی ئەمەریكای لێیە، چەند جارێك مووشەكباران كراوە، بەڵام مووشەكەكان لە دەوروبەری كەوتوونەتە خوارەوە و چاودێران وەك پەیامێكی میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانی دەزانن بۆ واشنتن بەوەی دەتوانن بەرژەوەندییەكانی بكەنە ئامانج.

لەوكاتەی خۆپێشاندانەكان لە عێراق و لبنان و ئێران بەردەوامن، چاودێران بە بەشێك و قۆناغێكی نوێی ململانێی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لەدژی ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەكەی دەزانن، ئەمشەو سێ مووشەك لە نزیك ناوچەی سەوزی بەغدا كەتنە خوارەوە و دەنگی تەقینەوەكان لە ناوچەی كەرادە بیسترا. لەوكاتەی لە گۆڕەپانی تەحریر و خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا خۆپێشاندانی فرەوانی جەماوەری لەدژی حكوومەت و پرۆسەی سیاسی عێراق بەردەوامە كە لەلایەن شیعەكانی نزیك لە ئێران بەڕێوە دەبرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوای پاشەكشەكردنی هێزە تەناهییەكانی عێراق، خۆپێشاندەران لەسەر پردی ئەحرار لە نێوان هەردوو بەری كەرخ و رەسافەی بەغدا پێشڕەویان كرد، بەوەش جیا لە گۆڕەپانی تەحریر و خلانی و سنەك، ناوچەكانی ناڕەزایەتیان فرەوانتر كرد.

بەپێی هەواڵەكان ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم زیاتر لە 100 خۆپێشاندەر چوونەتە سەر پردی ئەحرار، هەروەها ویستوویان بەرەو پردی شوهەدا بچن، بەڵام لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە بە بۆمبی فرمێسكڕێژ و دەنگی و گولەی راستەقینە رووبەڕوو كراونەتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل