هەڵمەتی خاوێنەكردنەوە و پاكڕاگرتنی شاری هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:53:03/12/2019 ‌
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم شارەوانییەكانی هەولێر، هەڵمەتێكی پاككردنەوە و پاكڕاگرتنی هەولێری دەست پێ‌ كرد و بڕیارە ئەو هەڵمەتە بەردەوامی هەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم سێی كانوونی یەكەم، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆكی شارەوانی هەولێر و هەر شەش شارەوانییەكەی هەولێر، هەڵمەتێكی فراوان بۆ پاكڕاگرتنی و پاككردنەوەی هەولێر دەستی پێ‌ كرد.

ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت هەردوو هەفتە جارێك بۆ سنووری یەكێك لە شارەوانییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەبێت 
ئەو هەڵمەتە كە بڕیارە بۆ ناو سنووری شارەوانیی یەك بۆ دوو هەفتە بەردەوام بێت و كۆمپانیاكانی پاككردنەوە لە سنووری هەولێر و ناوجەرگەی بازاڕی هەولێر لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ هەموو گەڕەگەكانی وەك (سەیداوە و تەیراوە و تەعجیل و عارەبان......)  بگرێتەوە.

لە كاتی ڕاگەیاندنی ئەو هەڵمەتە عەبدلواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر گوتی، ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت هەردوو هەفتە جارێك بۆ سنووری یەكێك لە شارەوانییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەبێت.

ڕوونی كردەوە، داواكارین لە هەموو دانیشتووان و دڵسۆزانی شاری هەولێر هاوكار و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، چونكە هەموو كاری كۆمەڵ سەركەوتنی مسۆگەر دەبێت و لە كۆتادا ئامانج و مەرامە چاوەڕوانكراوەكە بەدی دێت.



وشە - رامیار جەواد