داهاتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2020 زیاد دەكات

:: AM:09:27:07/12/2019 ‌
كێشەی بەردەم بەرزبوونەوەی بودجەی هەرێم بودجەی سیادییە و نوێنەرانی كورد دەبێ شەڕی كەمكردنەوەی بكەن

بەم رێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی بودجە و نەوت كراوە، داهاتی ساڵی 2020ی هەرێمی كوردستان لە هی 2019 زیاتر دەبێت، هەرچەندە مەترسییە گەورەكەی بەردەم پڕۆژەیاسای بودجە ئەوەیە بە بەرزكردنەوەی بودجەی سیادی، بڕی ئەو بودجەیە كەم بكرێتەوە كە پشكی هەرێمی لێ دەدرێت.

 داهاتی سەرەكی  بودجەی هەرێمی كوردستان و عێراق نەوتە و زیاتر 90%ی كۆی داهات چ لە بەغدا و چ لە هەولێر لە نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت. 

عێراق رۆژانە نزیكەی چوار  ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت و هەرێمی كوردستانیش رۆژانە نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنن، بەشێكی ئەو نەوتە لە ناوخۆ بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی لە نەوتی سپی و بەنزین و گازوایل سوودی لێ وەردەگیرێت و ئەوەی تری هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

هەریەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە جیا نەوتەكەیان دەفرۆشن، پرسێك كە لانی كەم لە ساڵی 2014ەوە بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان و دواتر كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی لێ كەوتووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە پڕۆژەی بودجەی ساڵانە رێككەوتنیان هەیە، بەڵام هیچ كاتێك رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەمساڵیش بۆ بودجەی ساڵی 2020 هەمان رێككەوتن لە پڕۆژەیاساكەی حكوومەتدا كراوە.
ئەمساڵ هەرێمی كوردستان نەوتەكەی زیاتر بۆ نەهێشتنی كاریگەرییەكانی تەنگژەی دارایی بەكار هێنا

دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، ساڵی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا جێبەجی نەكرد، ئەمەش دەرهاویشتەی دۆخی تایبەتیی هەرێم و كاریگەرییەكانی تەنگژەی دارایی چەند ساڵی پێشووی بوو، كوردستان كۆمەڵێك قەرز و بەرپرسیارێتی لەسەر كەڵەكە بووبوو، بەڵام بۆ 2020 رێككەوتنەكە جێبەجێ دەكات.
 بەپێی ئەم رێككەوتنە نوێیە، هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل لە نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەكات و حكوومەتی بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دەدات، كە پێشتر بە رێژەی 17% جێگیر كرابوو، بەڵام دواتر كەم كرایەوە. 

بەپێی رێككەوتنەكەی ساڵی رابردوو، پشكی هەرێم لە بودجە 12,7 دیاری كرا، ئەمساڵیش هێشتا بە وردی لەسەر پشكەكە رێككەوتن نەكراوە. بڕیاردەرەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە كوردە، دەڵێ "رێژەكە 17% نابێت، بەڵام لەوانەیە لەوەی ساڵی رابردوو زیاتر بێت، نوێنەرانی كورد هەموو هەوڵێك دەدەن ئەم رێژەیە بەرز بكەنەوە".

كۆی بەرهەمهێنانی نەوت و داهات لە عێراقدا

كۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق  و هەرێمی كوردستان دەگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل كە نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیلی لە ناوخۆ بەكار دەهێنرێت و ئەوەی تری هەناردە دەكرێت. ئەگەر چوار ملیۆن بەرمیلەكە لەبەرچاو بگیرێت و نرخی نەوت لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بكرێتە پێوەری داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق، ئەوا كۆی داهاتی مانگانە بریتی دەبێ لە شەش ملیار و 840 ملیۆن دۆلار.
پشكی هەرێمی كوردستان ئەگەر لە كۆی داهاتەكە بووایە، ئەوا مانگانە ملیارێك و 162 ملیۆن دۆلاری بەردەكەوت، بەڵام  دابەشكردنی بودجە لە عێراق لەسەر ئەم بنەمایە نییە.

داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەكەمدا شەش ملیار و 120 ملیۆن دۆلار بووە. ئەگەر رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بدرێتە بەغدا، ئەوا لەسەر نرخی 57 دۆلار هەموو مانگێك داهاتی بەغدا نزیكەی 430 ملیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە. پێویستە ئاماژە بەو زانیارییەش بكرێ كە ئەگەر داهاتی 250 هەزار بەرمیلەكەی بخرێتە سەر، ئەوا بەگوێرەی هەمان مانگ داهات بۆ شەش ملیار و 550 ملیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە.

لەوانەیە پرسیاری ئەوە بكرێ ئەمە لە قازانجی هەرێمدایە چونكە جگە لەوەی پشكی خۆی لە بودجەی عێراق وەردەگرێت، ئەوا 250 هەزار بەرمیلیشی بۆ دەمێنێتەوە كە خۆی دەتوانێ بەكاری بێنێت. راستییەكەی ئەوەیە هەر پشكێك لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت، ئەوا راستەقینە نییە، واتە لە كۆی داهاتەكە هەژمار ناكرێت، بەڵكو دوای دەرهێنانی بودجەی سیادی و كۆمەڵێك خەرجی تر رێژەكە دیاری دەكرێت.

پشكی هەرێم

خۆی پشكی هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق 10%یە، بەڵام لە كۆی فرۆشتنەكە 12.5%یە، لەم رێككەوتنە ئەگەر سەرنجی ئاماری فرۆشتنی نەوت بدرێ، پشكی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكوومەتی عێراق بەپێی رێككەوتنی نوێ  6.25%ـە، بۆیە هەر ئەو رێژەیە لە پشكی بودجە بە هەرێم دەگاتەوە و كاتێك پشكی راستەقینە بە هەرێم دەگات كە هەرێم سەرجەم داهاتەكەی رادەستی بەغدا بكات.
ئەگەر 12.7٪ـەكەی ساڵی رابردوو بكرێتە بنەما، ئەوا بەو ئەنجامە دەگەین كە رێژەكە لە كۆی گشتی لەوانەیە كەمتر لەو ژمارەیە بێت باس دەكرێ. بەگوێرەی بودجەی ساڵانی رابردووی عێراق، سەرووی 45%ی بودجەی عێراق بۆ بودجەی سیادی بۆ ئەو خەرجییانە دەڕوات و راستییەكەی بودجەی هەرێمی كوردستان لەو 55%ی بودجەیەیە كە لە فرۆشتنی نەوت دەستەبەر دەبێت.

بەو پێیە هەرێمی كوردستان نەك 17% و 12%، بەڵكو خوارووی 7%ی لە داهاتی عێراقی پێ دەبڕێت، ئەویش بە مەرجێك رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلی تری بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمە بەشێكی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیە و بەشەكەی تر حەقدەستی كۆمپانیاكانە، لەوانەیشە هەندێكی تر بمێنێتەوە كە حكوومەت خۆی دەیفرۆشێت تا كەموكورتییەكانی بودجەی پێ پڕ بكاتەوە. حكوومەتی عێراقیش هەموو ئەو نەوتەی بەرهەمی دێنێت هەناردەی ناكات، بەشێكی بۆ پێداویستی ناوخۆ و بازاڕی ناوخۆیی بەكار دێنێت كە هیچ پشكێكی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە.

داهاتی هەرێم لە بودجەی عێراقدا

لەو شەش ملیار و 550 ملیۆن دۆلار داهاتەی عێراق ئەگەر نزیكەی 45% بۆ بودجەی سیادی بڕوات، ئەوەی دەمێنێتەوە دەكاتە سێ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار. 17%ی ئەم داهاتە دەكاتە 612 ملیۆن دۆلار، 14%ی داهاتەكە دەكاتە 504 ملیۆن دۆلار و 12.7%ی پشكەكەش دەكاتە 457 ملیۆن دۆلار. پشكێك كە راستەوخۆ نایەتە كوردستان، بەڵكو لە چوارچێوەی مووچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و چەند شێوازیكی تر بە هەولێر دەگات.
بەشێكی بەرچاو لە بودجەی عێراق بۆ بودجەی سیادی دەڕوات كە كورد لێی سوودمەند نییە

ئەمە یەكەم جار نییە هەولێر و بەغدا رێككەوتن دەكەن و هیچ كام لە رێككەوتنەكانی پێشوویان جێبەجێ نەكردووە، ئەوەی كراوە تەنیا بۆ شەرعییەتدانە بە تێپەڕاندنی بودجە و هەردوولا لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی رێككەوتن، دەگەڕێنەوە چارەسەری B كە هەمان داهات و ئەرك بۆ هەردوو لایەن دەستەبەر دەبێت، ئەوكات هەرێمی كوردستان لە جیاتی ئەوەی پارەی داهاتی نەوتەكەی لە بەغدا وەربگرێت، خۆی راستەوخۆ وەری دەگرێت. دكتۆر ئەحمەد سەفار ئەم ئەگەرە رەت دەكاتەوە و پێی وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتنەكە جێبەجێ دەكات، چونكە لە قازانجی هەرێمدایە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی رێژەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق گوتی، نە 17% و نە 12%یشە، بەڵام لە 12% زیاتر دەبێت و هەرێم و بەغدا لەسەر ئەمەش رێك دەكەون چ رێژەیەك دەستنیشان بكرێ.

مەترسییە گەورەكە

ئەوەی لەم راپۆرتەدا جێی نیگەرانییە و لەلایەن ئەو پسپۆڕە داراییەش پشتڕاست دەكرێتەوە، زیادبوونی بودجەی سیادییە كە بە زیانی هەرێمی كوردستانە و لە 25 بڕگەوە بۆ 117 بڕگە زیاد كرابوو، دێتەوە سەر نوێنەرانی كورد بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا رێگری لە زیادبوونی ئەم بودجەیە بكەن، لانی كەم ئەو بودجانە حیساب نەكەن كە هیچ پێوەندییەكیان بە هەرێمی كوردستانەوە نییە. 

جگە لەمە، دەبێ هەوڵی چەسپاندنی ئەم خاڵە بدرێ كە هەرێمی كوردستان سوود لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان وەربگرێت كە دەدرێتە عێراق.
حكوومەتی عێراق بە ملیاران دۆلار قەرزی نێودەوڵەتی وەرگرتووە كە دواجار بە داهاتی عێراق قەرزەكان دەدرێنەوە، كەچی هەرێمی كوردستان لێیان سوودمەند نەبووە.

پێویستە بگوترێ بە گوێرەی دواین دەرەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولیر قسە لەوسەر ئەوە دەکرێ پشکی 14% بۆ هەرێمی کوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان جێگیر کراوە و 15 بڕگەی پڕۆژەکەش کە پێوەندییان لە بودجەی سیادی هەیە لابراون کە هەر دووی لە قازانجی هەرێمی کوردستانە هەر چەندە ئەمە بە فەرمی رانەگەینراوە.

دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی

عادل عەبدولمەهدی هەینی رابردوو دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیاند، لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكی كانوونی یەكەمیش داواكارییەكە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند كرا. عادل عەبدولمەهدی كە جێی پەسندی كورد بووە و لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا هەولێر و بەغدا لە پێوەندییەكی پتەودا بوون، نەمانی ئەو نیگەرانییەی هێناوەتە كایەوە كە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵوەشێتەوە و پێوەندییەكان بگەڕێنەوە خاڵی سفر.

بەڵام دكتۆر ئەحمەد سەفار رەتی دەكاتەوە "هیچ كێشەیەك لەم پێوەندییانە بێنە كایەوە، چونكە پێوەندی و رێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێوەندی كەسیی نین، بەڵكو پێوەندیی دامەزراوەیین و نەمانی عادل عەبدولمەهدی هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر رێككەوتنەكە نابێت". 
"كۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ دامەزراوەی دارایی و نەوت و پلاندانان و ئەنجوومەنی وەزیران بووە، دوای نەمانی عادل عەبدولمەهدیش رێككەوتنەكە درێژەی دەبێ. جگە لەمە هێشتا 15 رۆژ بەردەستە بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار كەسێكی تر راسپێرێت بۆ جێگرەوە، دوای ئەویش مانگێكی بەردەستە تا كابینەیەكی نوێ پێك دەهێنێت و تا ئەوكاتەش پەرلەمانی عێراق بودجەكە پەسند دەكات" سەفار وای گوت.






وشە - سلێمان تاشان