فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی: راوێژكارانی ئێرانی بەفەرمی لە عێراقن

:: PM:06:15:19/01/2020 ‌

عادل گەرعاوی، فەرماندەی حەشدی شەعبی باسی بوونی بەفەرمی و بە رەزامەندیی حكوومەتی عێراقی راوێژكارانی سەربازیی ئێران لە بارەگاكانی حەشدی شەعبی دەكات، كە ئەوان بە هاوشێوەی راوێژكارانی تری بیانی لە جەنگ لەدژی داعش یارمەتیان داون.
بوونی راوێژكارانی ئێران بۆ پاڵپشتیكردنی عێراقە لەدژی داعش
دەركەوتنی رێكخراوی داعش لە عێراق و كۆنترۆڵكردنی رووبەڕێكی فرەوانی ئەو وڵاتە وای كرد كە عێراق پێویستی بە بوونی ژمارەیەكی زۆری هێزە بیانییەكان، لەوانە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و ئێران  وەك وڵاتێكی دراوسێ و خاوەن دەسەڵات بەسەر گرووپە چەكدارەكانی شیعە ببێت، ئێستەیش دوای نەمانی جەنگی داعش بەربەرەكانی لەنێوان ئەمەریكا و ئێران هەیە و هەریەكەیان دەیەوێ بوونی سەربازی ئەویتر لە عێراق كۆتایی پێ بێنێت.

گەرعاوی روونی كردەوە، بوونی راوێژكارانی ئێرانی و هیتریش لە رەگەزنامە جیاجیاكان، بە رەزامەندیی حكوومەتی عێراقە و لەچوارچێوەی پاڵپشتیكردنی عێراق لە جەنگ لەدژی داعش دێت، بۆیە بوونی ئەوانە فەرمییە، جا لەناو بارەگاكانی حەشدی شەعبی یان لەناو بارەگا تەناهییەكانیتر بن.

زیاتر گوتی، راوێژكارانی ئێران بوونیان لە زۆرینەی جەنگەكانی دژ بە داعش لە پرۆسەی ئازادكردنەوەدا  هەبوو و ئەوەش راگەیەندراوە و نهێنی نییە، هەروەها راوێژكارانی وڵاتانی تریش بوونیان لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان و لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ هەبووە، بۆیە بوونی راوێژكارانی ئێران لە بارەگاكانی حەشدی شەعبی یان هێزە تەناهییەكانی تر دۆخەكە و جەنگی دژ بە داعش سەپاندوویەتی و بوونی ئەوان بەردەوام نابێت، بەڵام لە چوارچێوەی میكانیزمی هاریكاری و راوێژكارییە لەكاتی پێویستدا. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل