لە بەغدا و كەربەلا و نەجەف خۆپیشاندەران دەستیان بە جموجۆڵ كرد

:: PM:07:14:19/01/2020 ‌

وەك چاوەڕوان دەكرا لە دوا رۆژی وادەی ناسڕییە بۆ حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی عێراق بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی سەربەخۆ و دوور لە حزبەكان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، جموجۆڵی ناڕەزایەتی زیاتر بوو و لە بەغدا و كەربەلا و نەجەف رووبەڕووبوونەوە دەستی پێ كرد و كوژراو و بریندار هەیە. 
خۆپێشاندەران هەوڵی داخستنی رێگەوبانە دەرەكی و ناوخۆییەكان دەدەن
ئێستە لە بەغدا رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە گۆڕەپانی تەیەڕان و رێگەی خێرای محەمەد قاسم بەردەوامە و هێزە تەناهییەكان دەیانەوێ ئەو ناوچانە بكەنەوە كە خۆپێشاندەران دایانخستوون، رێگەی محەمەد قاسم بەغدا بە ژمارەیەك پارێزگای تر و زۆرینەی گەڕەكەكانی بەری رەسافە بەیەكتر دەبەستێتەوە، بۆیە هێزە تەناهییەكان بەزەبری هێز دەیانەوێ خۆپێشاندەران دووربخەنەوە و باسی كوژراوێك و 17 بریندار لە ریزی خۆپێشاندەران دەكرێت. 

لەوكاتەی لە كەربەلا خۆپێشاندەران هەڵیان كوتایە سەر تەلاری نووسینگەی پەرلەمانی عێراق و دایانخست، خۆپێشاندەران رێگەی نێوان هەردوو پارێزگای زیقاڕ و واستیان داخست و چەكدارانی نەناسراویش لە دیوانییە تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد، لە نەجەف خۆپێشاندەران زۆرینەی شەقام و پرد و قوتابخانە و فەرمانگەكانی حكوومەتیان داخست و خۆسازدانیان بۆ پەرەسەندنی بەیانی دووشەم راگەیاند، لەوكاتەی دوێنێ شەو خۆپێشاندەران بارەگای حزبوڵا و وێنەی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندسیان سووتاند.

لای خۆیەوە باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق ئۆباڵی هەر پەرەسەندنێكی دۆخەكەی هاوێشتە ملی سەرۆك وەزیرانی عێراق و پەرلەمان و هەردوو هاوپەیمانی "فەتح"ی هادی عامری و "سائیروون"ی موقتەدا سەدر، كە ئەوان هۆكاری ئەو تەنگەی عێراقن و دەبوایە وەڵامی خۆپێشاندەران بدەنەوە و دەستی دەستی بەداواكارییەكانیان نەكەن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل