زەریف: ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا بەدوور نازانێت

:: PM:05:06:25/01/2020 ‌

لەناو پەرەسەندنێكی گەورەی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێراندا، ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە ئەوان تا دوای كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسیش، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا بەدوور نازانن.
ئێران گورزی گەورەی لە ئەمەریكا داوە
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران چووە ناو قۆناغێكی نوێی پەرەسەندن و ئەمەریكا جگە لە بۆردمانكردنی چەند بارەگایەكی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و كوشتنی ژمارەیەكی زۆریان، هەریەك لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە بەغدا كوشت، كە ئەوە بە گورزێكی گەورە بۆ تاران دادەنرێت.

ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "دێرشبیگل"ی ئەڵمانی گوتی، تا دوای كوشتنی قاسم سلێمانی تاران گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكا بەدوور نازانێت بە مەرجی گۆڕینی مامەڵەكردنی و لابردنی سزاكانی سەر ئێران.

زیاتر گوتی، تیرۆركردنی سلێمانی سەرەتای پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق و رەنگە لە تەواوی ناوچەكەش، ئێران زیانی گەورەی بە ئەمەریكا گەیاندووە و ئەمەریكایش بە هەموو هێزە سەربازییەكەیەوە نەیتوانی رێگری لە مووشەكەكانی ئێران بكات بە كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكانی لە عێراق.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل