شاندێكی خۆپێشاندەرانی عێراق سەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

:: PM:08:04:25/01/2020 ‌

دوای ئەو سەركوتكارییەی خۆپێشاندەرانی عێراق بەئاشكرا لەلایەن هێزە تەناهییەكانی ئەو وڵاتەوە رووبەڕووی بوونەوە، بڕیارە شاندێكی خۆپێشاندەران سەردانی هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی بكات.
خۆپێشاندەران دۆز و داواكاری و ستەملێكراویان دەبەنە دەرەوەی عێراق
ویسام بەیاتی، گوتەبێژ بەناوی بەرەی نیشتمانی مەدەنی (مەوج)، ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد كە بەمنزیكانە شاندێكی گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندانی عێراق ئامادەسازی بۆ سەردانیكردنی هەریەك لە بارەگاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی و كۆماری عەربی دەكەن، بۆ داوای رەوانەكردنی بكوژانی خۆپێشاندەران بۆ دادگای نێودەوڵەتی. 

بەیاتی گوتی، ئەو هەوڵانە لەچوارچێوەی بزاوێكی جەماوەری عێراقی دێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرەی نیشتمانی مەدەنی (مەوج)، بەمەبەستی روونكردنەوەی وێنەی ناڕەزایەتییەكانی ئاشتیانەی بەردەوامیی جەماوەری لە سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردووەوە بۆ رای گشتی دنیا و ئیسلامی و عەرەبییەوە و ئاگەداركردنەوەیان لەو شێوازە سەركوتكارییە و پێشێلكاریانەی چەند لایەنێكی تەناهی لەدژی خۆپێشاندەران پێڕەوی دەكەن بە بەكارهێنانی هێزە لەڕادەبەردەر.

وەك ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بۆ دەكات بڕیارە شاندەكە لەگەڵ بەرپرسانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی تاوتوێی دەستوەردان لە كاروبا ری عێراق و كوشتن و پێشێلكارییە رێكخراوەكان بكات كە تا ئێستە زیاتر لە 600 كوژراو و دەیان هەزار برینداری لە ریزی خۆپێشاندەران ناوەتەوە، جگە لە سەتان رفێنراو لە چالاك و رۆژنامەوانان و لێخستنی سیاسەتوانانی بەرهەڵستكار.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل