عەلاوی لەگەڵ خۆپێشاندەران كۆ دەبێتەوە

:: AM:11:12:10/02/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی شەقامی ناڕازی عەلاوی بە كاندیدی خۆیان ناناسێنن، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو تاوتوێی پێكهێنانی حكوومەتی نوێیان لەگەڵ دەكات. پەرلەمانتارێك دەڵێ، لەم هەفتەیە كۆ دەبنەوە و پرسی دەستنیشانكردنی وەزیرەكانیش یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی شوبات، محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ نوێنەرانی خۆپێشاندەران كۆ ببێتەوە و تاوتوێی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و دەستنیشانكردنی كەسایەتییە سەربەخۆكانیان لەگەڵ بكات بۆ پێدانی پۆستی وەزارەتەكان پێیان.

حەسەن جەلال كینانی پەرلەمانتار گوتی، "محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆكی حكوومەتی راسپێردراو لەم هەفتەیەدا لەگەڵ خۆپێشاندەران كۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكەن، گفتوگۆ لەسەر پێدانی پۆستی وەزارەتەكان بە كەسانی سەربەخۆ دەكەن".

عەلاوی تاوتوێی دەستنیشان كردنی وەزیرەكان لەگەڵ خۆپێشاندەران دەكات


محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، هاتووەتە راسپاردن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە جێی حكوومەتی كاربەڕێكەر كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوە ئێستە بەڕێوەی دەبات.

عەلاوی ئەگەرچی لەلایەن هاوپەیمانی فەتح و سائیروون كاندید كراوە، موقتەدا سەدریش وەك كاندیدی شەقامی ناڕازی دەیناسێنێ، بەڵام هەمان ئێوارەی شەمووی رابردوو یەكی شوبات، كاتێك عەلاوی ڤیدیۆی كاندیدبوونی بڵاو كردەوە، خۆپێشاندەران رەتیان كردەوە عەلاوی كاندیدی شەقامی ناڕازی بێت.



وشە - فه‌رمان سادق