عێراق.. ناوی ئەندامانی كابینەی عەلاوی گەیشتووەتە دەستەی لێپرسینەوە

:: PM:05:36:16/02/2020 ‌

پێكهاتنی كابینەی حكوومەتی نوێی عێراق نزیك بووەتەوە و پەرلەمانتارانی شیعە بە لێدوانی جیاجیا گوشار دەخەنە سەر گفتوگۆكانی محەمەد عەلاوی لەگەڵ كورد و سوننە دەیكات بۆ رازیبوون بەكەمترین بەش، پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێت، ناوی ئەندامانی كابینەكەی عەلاوی لە لێوردبوونەوەیە و سبەی دەگاتە پەرلەمان و دووسبەی سێشەم دەنگی لەسەر دەدرێت.
هێزە شیعەكان حكوومەتی عەلاوی بۆ رازیكردنی شەقامی شیعە بەكاردێنن
لەوكاتەی پێویستە هەمووان لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی عێراق بەشدار بن لەسەر بنەمای تەوافوق و هاوبەشی لە فەرمانڕەوایی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، كەچی شیعە دەیانەوێ بەناوی كابینەی سەربەخۆ كەسانی دوور لە هێزە سیاسییە كورد و سوننە دیاری بكەن و كۆنترۆڵی تەواوی بڕیارەكانی حكوومەت بكەن، بەتایبەتی ئەو حكوومەتە چەند پرسێكی چارەنووسازی بەدەستەوە دەبێت، لەوانە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن و ئامادەكردنی بودجە و دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا، بۆیە ئەوان هەوڵ دەدەن لە داڕشتنی بودجە گرنگی زیاتر بە شیعە بدەن و دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكاش لەسەر داوای ئێران جێبەجێ بكەن.

نەدا شاكر جەودەت پەرلەمانتاری عێراق رای گەیاند، محەمەد عەلاوی سبەی دووشەم ناوی ئەندامانی كابینەكەی رەوانەی پەرلەمان دەكات و بڕیارە لە دانیشتنێك كە سەرۆكی پەرلەمان بانگەشەی بۆ دەكات، رۆژی سێشەم دەنگ لەسەر كابینەكەی بدرێت، روونی كردەوە، عەلاوی دوور لە هێزە سیاسییەكان وەزیرانی هەڵبژاردووە وەك خۆیشی دوێنێ دووبارە كردەوە.

جەودەت ئاماژەی كرد، ئێستە ناوی ئەندامانی كابینەی عەلاوی لە دەستەی لێپرسینەوە و دادوەرییە بۆ لێوردبوونەوە لە ژیاننامەیان و لە كابینەكەدا پێنج پۆست بۆ ژن هەیە و ئەوانیتر سەربەخۆ و دوور لە حزبەكانن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل