پەرلەمانتارێك: ئەو ناوانەی وەك وەزیری كابینەی عەلاوی باس دەكرێن راست نین

:: PM:08:33:16/02/2020 ‌

دوای ئەو زانیاریانەی باس لە نزیكبوونەوەی پێكهێنانی كابینەی محەمەد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەكەن، پەرلەمانتارێك دەڵێت ئەو ناوانەی باس دەكرێن كە وەزیرن لە كابینەی عەلاوی راست نین، پەرلەمانتارێكی تریش ئاماژە دەكات كە كابینەكەی 19 وەزیری دیاری كراوە و سێ وەزیری كورد ماون.
تا ئێستە وەزیرە كوردەكان لە كابینەی عەلاوی دیاری نەكراون
عەباس علێوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، گوتی، ئەو ناوانەی وەك ئەندامی كابینەی وەزیرانی محەمەد عەلاوی باس دەكرێن راست نین، هێزە سیاسییەكان لەگەڵ عەلاوی وا رێككەوتوون كە وەزیرانی پێشوو بۆ كابینەكەی كاندید نەكەن، بۆیە دیاریكردنی وادەیەك بۆ متمانەدان بە حكوومەتەكەی عەلاوی لەسەر تەواوبوونی كابینەكەی و پێشكەیشكدرنی بۆ پەرلەمان وەستاوە، هاوكات تا ئێستە عەلاوی هیچ ناوێكی بەفەرمی نەخستووەتە روو. 

لای خۆیەوە محمد خالدی كەسایەتی نزیك لە تیمی محەمەد عەلاوی بۆ دیاریكردنی كابینەكەی گوتی، ئەوەی باس دەكرێت لەبارەی كڕین و فرۆشتنی پۆستەكان راست نییە و ئەوە پێشتر دەكرا كە حزبەكان وەزیرانیان دیاری دەكرد، لەبارەی ناوی وەزیرەكانیش، سەرۆك وەزیران تەنیا خۆی ناوەكان دەزانێت و رۆژێك پێش خستنەڕوویان دەیخاتە پێش هێزە سیاسییەكان و ئەو پەرلەمانتارانەی پاڵپشتی دەكەن، دووپاتی كردەوە كە ئەو نزیكترین كەسە لە عەلاوی و ناوەكان نازانێت.  

لای خۆیەوە عەبوود عیساوی پەرلەمانتاری عێراق گوتی، ئەو قسانەی لەسەر چەند ناوێك وەك وەزیر لە كابینەی عەلاوی دەكرێت راست نییە و تەنیا تیمێكی نزیك لە عەلاوی ناوەكان دەزانن كە كەسانی نوێن و پێشتر بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی نەكردووە، دووپاتی كردەوە 19 وەزیر دیاری كراون كە ژمارەیەكیان ژنن و سەربەخۆن و تەنیا سێ پۆست ماوە كە پشكی كوردە تا ئێستە یەكلا نەبوونەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل