سوپای سووریا زۆرینەی ناوچەكانی حەلەب كۆنترۆڵ دەكاتەوە

:: PM:09:48:16/02/2020 ‌

هێرشی سوپای سووریا بە پاڵپشتیی ئاسمانی و لۆجیستی رووسیا بۆ سەر ناوچەكانی باكوری ئەو وڵاتە بەردەوامە، بەتایبەتی ئەوانەی بە ناوچەی ئارام دەناسرێت و ئەمڕۆ توانی زۆرینەی ناوچەكانی ژێر دەستی گرووپەكانی سەر بە توركیا لە پارێزگای حەلەب كۆنترۆڵ بكاتەوە.
سوپای سووریا 30 گوند و ئاوایی لە دەوروبەری حەلەب كۆنترۆڵ دەكات
وەك ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سووری بڵاوی كردەوە، یەكەكانی سوپای سووریا چەند ناوچەیەكیان لە رۆژئاوا و باكوری حەلەب كۆنترۆڵ كردووە، لەوكاتەی ئاژانسی "رۆیتەرز"، لە چالاكانی گواستەوە كە فڕۆكە سەربازییەكانی رووسیا بۆردمانی چڕی ئەو ناوچەیان كردووە كە چەند ناوچەیەكی گرتەوە، لەوانە شاری عەندان كە كەوتە ژێر دەستی سوپای سووریا. 

رامی عەبدورەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت، لەوەتەی 2012ەوە بۆ یەكەمجارە سوپای سووریا كۆنترۆڵی تەواوی گوند و شارۆكەكانی دەوروبەری حەلەب دەكات، بەوەیش توانی شارەكە بەتەواوەتی لە بۆردمانی گرووپە چەكدارەكان دوور بخاتەوە.

ئاژانسی "فرانس پرێس" لە عەبدورەحمانی گواستەوە، سوپای سووریا پێشڕەوییەكی خێرای لە دەشتی باكور و رۆژئاوای حەلەب ئەنجام دا، لەدوای پاشەكشەكردنی گرووپە چەكدارەكان بەهۆی جەنگێكی سەخت كە فڕۆكە جەنگییەكانی سووریا و رووسیا بۆردمانی ناوچەكەیان دەكرد، بەوەیش ئەمڕۆ سوپای سووریا كۆنترۆڵی 30 گوند و شارەدێی رۆژئاوای حەلەبیان كرد دیارترینیان حریتان و عەندان و كەفر حەمرە بوون.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل