نوێنەرانی كورد: دیار نییە پەرلەمانی عێراق دەتوانێت دانیشتن ساز بكات یان نا

:: PM:09:51:22/02/2020 ‌

ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنن كە تا ئێستە هیچ بەرچاوروونییەك نییە بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەتوانێت كۆببێتەوە یان نا و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوویش دووپاتی دەكاتەوە كە ناوماڵی شیعە باش نییە و موقتەدا سەدر لە هەڕەشەكانی بەردەوامە و نازانرێت چی لە عێراق روودەدات.
سەرۆكی پەرلەمان مەرجی بۆ سازكردنی دانیشتنەكە هەیە
ئەمڕۆ شەموو جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، دۆخێكی خراپ لە عێراق هاتووەتە پێشەوە و سەدر رای گەیاندووە كە ئەگەر تا دووشەم كۆبوونەوە نەكرێت، دۆخێكی خراپ روودەدات و بەتەواوی تێكدەچێت.

زیاتر گوتی، ئێستە ناوماڵی شیعە باش نییە و لەنێوان خۆیاندا تووشی كێشە بوونە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان داوای كردووە پێش 48 سەعات لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، پێویستە ناوی كاندیدەكان بگەن بەدەستی و بزانێت كێن، ئەوكات كۆبوونەوە دەكرێت و سەدریش هەڕەشە دەكات.

كۆچەر روونی كردەوە، بۆیە دووشەم دیار نییە كۆبوونەوە دەكرێت یان نا، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم هەفتەیە لە چوارشەم لەوانەیە كۆبوونەوە بكرێت.

لای خۆیەوە مەیادە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە هیچ بەرچاوڕوونیەك نییە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و گفتوگۆكانیش لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و محەمەد عەلاوی بەردەوامن.

زیاتر گوتی، تا ئێستە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەبارەی دانیشتنی رۆژی دووشەم نەداوە، پێم وایە ئەگەر دەیانەوێت عێراق بەرەو كێشەی زیاتر نەڕوات و كابینەی نوێ بەزووترین كات شكست نەهێنێت، دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەكان رێككەوتنی كۆنكرێتی هەبێت و عێراق لەو دۆخە رزگار بكەن.

شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە كارنامەی كۆبوونەوەكە رانەگەیەندراوە، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رای گەیاندووە كە تا رێككەوتن نەكرێ، ئامادەی كۆبوونە نییە و حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتوویەتی دەبێت كۆبوونەوە بكرێت و چاوەڕێی عەلاوی دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەیش كرد، شاندی كوردی تا ئێستە لە بەغدان و گفتوگۆكانیان بەردەوامن و ئێمەیش چاوەڕێ دەكەین بزانین ئەوان رێكدەكەون یان نا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل