سەدرییەكان لە هەڕەشەكردن لە عەلاوی و هێزە سیاسییەكان بەردەوامن

:: PM:04:51:23/02/2020 ‌

سەدر بە سوودبینین لە گوڕی شەقام گوشارێكی زۆری لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق دروست كردووە، ئەو لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا شەقامی بۆ گەیشتن بە ئامانج و گۆڕانكارییەكان بەكارهێنا و سەركەوتوویش بوو، ئێستەیش لەسەروبەندی متمانەدان بە حكوومەتی محەمەد عەلاوی، كە سەدر دیاری كردووە، هەڕەشە لە عەلاوی و هێزە سیاسییەكان و تەواوی ناوچەی سەوز دەكات لەئەگەری تێنەپەڕاندنی بە مەرجەكانی سەدر.
سەدر هەوڵی كۆنترۆڵكردنی پرۆسە و بڕیاری سیاسی عێراق دەدات
كاتێك حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بەر لە ساڵێك هاتە پێكهاتن، وەك حاڵەتێكی سازان لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی "سائیروون"ی موفتەدا سەدر و "فەتح"ی هادی عامری كاندید كرا، بەڵام هەموو هێزە سیاسییەكان پاڵپشتیان لێی كرد و لە حكوومەتەكەی بەشدار بوون، دواتر بەهۆی ملكەچ نەكردنی تەواوەتی عەبدولمەهدی بۆ سەدر، بەسوودوەرگرتن لەو خۆپێشاندانانەی كە سەدرییەكانی گەرموگوڕیان كرد، عەبدولمەهدی دەستی لەكار كێشایەوە و ئێستەیش محەمەد عەلاوی لەلایەن سەدرییەكانەوە هێنراوەتە پێشەوە و دەیەوێ بەناوی سەربەخۆ دەستی حزب و پێكهاتەكان لەو حكوومەتە دوور بخاتەوە و بەتەواوەتی بكەوێتە ژێر گوشاری خۆی و هەڕەشەكانی.

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر شەمووی رابردوو هەڕەشەی لە عەلاوی و هێزە سیاسییەكان كرد بەوەی دەبێت متمانە بە حكوومەتكەی بدرێت و دەشبێت پێكهاتەی حكوومەتەكەی بەوشێوەیە بێت كە سەدر دەیەوێت، ئەگینا پەنا بۆ شەقام دەبەن و خۆپێشاندانی ملیۆنی ساز دەكەن، ئەمڕۆ حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر ئەو هەڕەشەی سەدری دووپات كردەوە.

لەوكاتەی بڕیارە ئەمڕۆ عەلاوی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان كۆببێتەوە و ناوی ئەندامانی كابینەكەی رابگەیەنێت، زاملی روونی كردەوە كە رەوتی سەدر ئامادەیە بۆ خۆپێشاندانی ملیۆن كەسی و مانگرتنی كراوە لە دەوروبەری ناوچەی سەوز، ئەگەر پەرلەمان و هێزە سیاسییەكان دەنگ بە كابینەكەی عەلاوی نەدەن، ئەگەریش وەزیرانی كابینەكە كەسانی سەربەخۆ و پیشەیی نەبن، ئەوكات بزاوێكی بەهێزی ناڕەزایەتی دەبینن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل