بەغدا.. زیاتر لە 12 خۆپێشاندەر لە گۆڕەپانی خلانی بریندار بوون

:: PM:10:08:23/02/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ ئامادەسازیی خۆپێشاندەران بۆ خۆپێشاندانێكی ملیۆنی لە رۆژی سێشەم بۆ رەتكردنەوەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دوور لە ویستی ئەوان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی خلانی لە ناوەڕاستی بەغدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە تەناهییەكان و خۆپێشاندەران رووی دا و بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 12 خۆپێشاندەر بریندارن.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامە
خۆپێشاندانەكانی عێراق دەچێتە ناو پێنجەم مانگییەوە و تا ئێستە و سەرەڕای لاوازبوونی، بەڵام بەردەوامە، ئەوان پێكهێنانی حكوومەتی محەمەد عەلاوی دوور لە ویستی ئەوان و لەلایەن هێزە سیاسییەكانی شیعە رەت دەكەنەوە و بەڵێنەكانی محەمەد عەلاوی راسپێردراوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتەكە بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و لێپرسینەوە لە بكوژرانی خۆپێشاندەران بە باوەڕ پێ نەكراو وەسف دەكەن.

بەپێی سەرچاوەكان ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم لە گۆڕەپانی خلانی لە ناوەڕاستی بەغدا كە بەدەستی خۆپێشاندەرانەوەیە و یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان رووی داوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 12 خۆپێشاندەر بریندارن، سەرچاوەیەكیش ئاماژە بۆ بوونی كوژراوێك لە ریزی خۆپێشاندەران دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل