داوا لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەكرێت لە ماڵەكانیان بمێننەوە

:: PM:12:29:07/03/2020 ‌
قایمقامی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەكات، لە ماڵەكانیان بمێننەوە  و نەچنە دەرەوە و شوێنە گشتی و قەرەباڵغەكان.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ڕێكارە ناوخۆییەكان بۆ ڕێگریكردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامین، تیمەكانی تەندروستی و بەرگری شارستانیش ئامادە كراون بۆ ڕشاندن و پڕژاندنی دژە ڤایرۆس لە شوێنە گشتییەكان.

داوا لە هاووڵاتییان دەكەین، لەپێناو سەلامەتی تەندروستی خۆیان، لە ماڵەكانیان بمێننەوە 
قایمقامی سلێمانی گوتی، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین، لەپێناو سەلامەتی تەندروستی خۆیان، لە ماڵەكانیان بمێننەوە و نەڕۆنە شوێنە قەرەباڵغەكان، هەروەها گەشت و سەیرانەكانیان لەم ماوەیەدا ڕابگرن.

ئاشكرای كرد، لە سبەینێوە ڕێكاری زۆر توند بەرانبەر بازاڕی باڵندەفرۆشان دەگرینەبەر كە كۆبوونەوەیەكی زۆری هاووڵاتییانی تێدایە، ئەمەش مەترسییە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

ئەمڕۆش لە هەولێر هەڵمەتێكی ڕشاندن دەستی پێ‌ كرد، تا چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت و بڕیارە سبەی بڕیار بە داخستنی چەند شوێنێكی تریش بدرێت.

تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاری و بەرەنگاری بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە، نۆ كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون كە لە ئێران گەڕاونەتەوە



وشە - رامیار جەواد