ئه‌مڕۆ 32 ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه تێده‌په‌ڕێت و به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاووڵاتییان له ماڵه‌كانی خۆیاندا یادی گیان له‌ده‌ستدانی پێنج هه‌زار مرۆڤی بێ‌تاوان و زیاتر له 10 هه‌زار برینداری ئه‌و كاره‌ساته‌یان كرده‌وه.
ئەو کەسانەی کێشەی تەنگەنەفەسی و سیەکانیان هەیە زیاتر مەترسی تووشبوونیان بە کۆرۆنا هەیە
رۆژی 16ی ئاداری ساڵی 1988 له كۆتاكانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق-ئێران فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رژێمی به‌عسی رووخا‌و شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیاباران كرد.
به‌هۆی ئه‌و كیمیابارانه پێنج هه‌زار هاووڵاتیی سڤیل كه زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون خنكان و زیاتر له 10 هه‌زار هاووڵاتی تر بریندار بوون.
هه‌واڵی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه ئه‌گه‌رچی بووه مانشێتی زۆربه‌ی رۆژنامه‌كانی دنیا، به‌ڵام هیچ ده‌وڵه‌تێكی زلهێز هه‌ڵوێستی ئه‌وتۆی له به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوانه مرۆییه نه‌نواند و كاره‌ساته‌كه شه‌رمه‌زار نه‌كرا.
له رۆژی كیمیابارانه‌كه‌دا به‌شێك له هاووڵاتییانی شاری هه‌ڵه‌بجه به‌ره‌و سنووره‌كانی ئێران رایان كرد و به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك منداڵ له خێزانه‌كه‌یان دابڕان و تا ئێسته‌یش ئه‌و خێزانانه نه‌یانتوانی منداڵه‌كانیان بدۆزنه‌وه.
له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو ژماره‌یه‌ك له‌و منداڵانه‌ی له ساڵی 1988 له خێزانه‌كانیان دابڕابوون، له ئێرانه‌وه گه‌ڕانه‌وه و به پشكنینی دی ئێن ئه‌ی راده‌ستی خێزانه‌كانیان كرانه‌وه، به‌ڵام به‌شێكیان به‌سه‌ر خێزانێكدا كه‌وتنه‌وه كه به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه له ژیان نه‌مابوون و تا ئێسته‌یش زۆربه‌ی دایكانی هه‌ڵه‌بجه چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵه ونبووه‌كانیانن.
ئه‌مڕۆ 32 ساڵ به‌سه‌ر قڕكردنی هه‌ڵه‌بجه تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام تا ئێسته‌یش شوێنه‌واره‌كه‌ی به جه‌سته‌ی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌وه دیاره، ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و نه‌خۆشی سییه‌كان و ده‌یان ئازاری تر له میراتییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ن كه بۆ هاووڵاتییانی هه‌ڵه‌بجه به‌جێماون.
له‌باره‌ی بێده‌نگی دنیا له‌و كاره‌ساته مرۆییه ویكیپێدیا نموونه‌ی تۆنی بێن، په‌رله‌مانتاری به‌ریتانی له ساڵی 2003 هێناوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ، ئێمه چه‌كه‌كانمان بۆ سه‌دام دابین كرد و پڕچه‌كمان كرد. من له په‌رله‌مان بووم كه كاره‌ساتی ھه‌ڵه‌بجه ڕووی دا، باسمان كرد، به‌ڵام پێیان گوتین كه ناتوانین ھیچ بكه‌ین، چونكه حكوومه‌تی عێراق ھاوپه‌یمانه.
له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس و گرتنی سه‌دام حوسێن له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه، یه‌ك له‌و تاوانانه‌ی به‌هۆیه‌وه دادگایی كرا، قڕكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه بوو به چه‌كی كیمیایی و به‌هۆیه‌وه سزای له‌سێداره‌دان بۆ سه‌رۆكی به‌عسی رووخا‌و و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ئامۆزای سه‌دام حوسێن ده‌رچوو.
عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید جارێكی تر له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال له ساڵی 2008 له دادگای عێراق حوكمی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی له ساڵی 1987ه‌وه فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی ناوچه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی ده‌كرد و تاوانی كیمیاباران و ئه‌نفال له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌و له كوردستان روویان دا. هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌یش عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید لای هاووڵاتییانی كوردستان به عه‌لی كیمیایی ناوی ده‌ركردبوو.
له‌دوای ئه‌و كاره‌ساته‌وه هه‌ڵه‌بجه به هێمای قوربانیدانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له باشووری كوردستان داده‌نرێت و زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌داران، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد به دوو قۆناغی به‌ر له هه‌ڵه‌بجه و دوای كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه ناو ده‌به‌ن و پێیان وایه خه‌باتی كورد له‌دوای كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه چووه‌ته ناو قۆناغێكی تره‌وه.
ژه‌هراویكردنی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ڵوه‌رینی پێنج هه‌زار مرۆڤ و برینداربوونی 10 هه‌زار هاووڵاتی بێ‌تاوان، وه‌رچه‌رخانی له ئه‌ده‌بیاتی كوردستانیشدا دروست كرد و به ده‌یان چامه‌شیعر و دیوانه شیعری له‌باره‌وه نووسرا، ئه‌وه ته‌نیا له ئه‌ده‌بی كوردیدا نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵه‌بجه چووه ناو شیعری شاعیرانی عه‌ره‌ب و ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی تریشه‌وه.
هه‌موو ساڵێك له كوردستان رۆژی 16ی ئادار سه‌عات 11 و پێنج خوله‌ك وه‌ك رێزێك بۆ قوربانیانی كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی كوردستان چه‌ند خوله‌كێك به‌پێوه ده‌وه‌ستن و یادی گیان به‌ختكردووانی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه ده‌كه‌نه‌وه.
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له رێنوێنییه‌كانیدا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه ته‌واوی گۆی زه‌وی ته‌نیوه، ئاماژه‌ی داوه، ئه‌و ڤایرۆسه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی نه‌خۆشیی سییه‌كان و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی هاتوون مه‌ترسیدارتره له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و كێشانه‌یان نییه.
بۆیه وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا بۆ پاراستنی گیانی بریندارانی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه رای گه‌یاند، ئه‌مساڵ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هیچ رێوڕه‌سمێك بۆ یادی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه ناكرێته‌وه و داوای له هاووڵاتییان كرد له ماڵه‌كانیان ئه‌و یاده به‌رز رابگرن.