حه‌وت عێراقى له‌ ئوردن تووشى كۆرۆنا بوون

:: AM:09:01:23/03/2020 ‌
باڵوێزى عێراق له‌ ئوردن ئاشكراى كرد، حه‌وت عێراقى له‌ ئوردن تووشى كۆرۆنا بوون و باڵوێزخانه‌ى عێراق له‌ رێى كه‌رتى ته‌ندروستى ئوردنه‌وه‌ چاودێرى حاڵه‌ته‌كان ده‌كات.

ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ئه‌مڕۆ دووشه‌م 23ى ئادار، لێدوانى حه‌یده‌ر عوزارى باڵوێزى عێراقى له‌ ئوردن بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ حاڵه‌تى تووشبوونى حه‌وت عێراقى به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ ئوردن راگه‌یاندووه‌.

ژماره‌ى عێراقییه‌ تووشبووه‌كانى ده‌ره‌وه‌ دیار نییه‌


باڵوێزى عێراق له‌ ئوردن ده‌ڵێ، "تا ئێسته‌ حه‌وت عێراقى له‌ ئوردن تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوون، یه‌كێكیان ژنێكه‌ كه‌ له‌ باوكه‌ تووشبووه‌كه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ى بۆ گوێزراوه‌ته‌وه‌".

باڵوێزى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، باڵوێزخانه‌كه‌ له‌ رێى كه‌رتى ته‌ندروستى ئوردنه‌وه‌ چاودێرى و به‌دواداچوون بۆ نه‌خۆشه‌كان ده‌كات.

به‌هۆى شه‌ڕى ناوخۆ و تیرۆره‌وه‌ له‌ ساڵانى رابردوودا به‌ ملیۆنان  كه‌س له‌ عێراق روویان له‌ ده‌ره‌وه‌ كردووه‌ و له‌ وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و وڵاتانى تر ده‌ژین، تا ئێسته‌ نازانێ ژماره‌ى تووشبووان له‌ نێویاندا چه‌نده‌.
 
به‌ڵام له‌ ناوخۆى عێراق به‌گوێره‌ى دوایین ئامار 235 كه‌س تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوون. تا ئێسته‌ 20 له‌ تووشبووان مردوون.





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل