" وشە" ١٦ خاڵەکەی کارنامەی حکوومەتەکەی زورفی بڵاو دەکاتەوە

:: PM:02:04:04/04/2020 ‌
لە کاتێکدا تا ئێستە وەک پێویست کۆدەنگی و پشتگیری ماڵی شیعەی مسۆگەر نەکردووە و لە میدیا عێراقییەکان ناوی تر وەک کاندید بۆ شوێنگرتنەوەی باس دەکرێت. عەدنان زورفی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کارنامەی حکوومەتەکەی رەوانەی پەرلەمان کرد و بۆ رای گشتیش بڵاوی کردەوە و رای گەیاند، لە ماوەی نزیکی داهاتوودا ناوی وەزیرەکانیش رەوانەی پەرلەمان دەکات.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو پرۆگرامی حكوومەتەكەی راگەیاند كە رەوانەی پەرلەمانی عێراقی كردووە.

زورفی لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە كارنامەی حكوومەتەكەی دەكات و داواش لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، كارنامەكە بەسەر ئەندامانی پەرلەمان دابەش بكەن بە مەبەستی ئاگاداربوونی ئەندامانی پەرلەمان لە ناوەڕۆكی كارنامەكەی.

لە بەشێكی تری نامەكەیدا كە كارنامەی حكوومەتەكەیشی لەگەڵدا هاوپێچ كراوە و مێژووی ئەمڕۆ شەموو چواری نیسانی لەسەرە، دەڵێ بەپێی مادەی 76ـی دەستووری عێراق كە سەرۆك وەزیران لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە هاتووەتە راسپاردن، لە ماوەی نزیكی داهاتوودا ناوی وەزیرانی كابینەی حكوومەت رەوانەی پەرلەمان دەكات كە لە ماوەی یاسایی و دەستووری تێپەڕ نەكات.

زورفی لە ٢٣ وشە و پێداگیری لە جێبەجێ کردنی دەستوور و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان و هاوبەشی لە بڕیار باس لە رێکخستنەوەی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات


بەگوێرەی كارنامەی حكوومەتەكەی بێت كە ئاراستەی پەرلەمانی كردووە، زورفی لە هەشت كاغەزی ئەی فۆڕدا، 16 خاڵی كارنامەی حكوومەتەكەی نووسیوە و بۆ رای گشتیشی بڵاو كردووەتەوە.

بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتە پێشەنگی كارەكانی زورفی، رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییە ئەولەویەتی یەكەمی كارەكانی دەبێت لە رێی دووبارەی پێكهێناوەنەوەی خانەی تەنگژەی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمەیشی لە شەش خاڵدا چڕ كردووەتەوە.

بودجەی 2020ـی عێراق، خاڵی دووەمی بەرنامەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە، دەڵێ دەبێت پەلە بكرێت بۆ رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان، هاوكات پێداچوونەوەش بە سەرچاوەی داهاتە نانەوتییەكان بكرێت و خەرجییەكانیش كەم بكرێتەوە بۆ چارەسەری كورتهێنان، جگە لەمەش پێویستە هەنگاوی ستراتیجی بگیرێتەبەر بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2020 تا 2022.

پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە هۆكاری دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێیە لە جێی عادل عەبدولمەهدی، خاڵی سێیەمی كارنامەی زورفییە. زورفی دەڵێ، لەو رۆژەوەی متمانە بە حكوومەت دەدرێت، دەبێت لە ماوەی یەك ساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و هەموو پێویستییەكانی سەرخستنی پرۆسەكەش بۆ كۆمسیۆن دەستەبەر بكرێت.

ئەگەرچی لەلایەن خۆپێشاندەران زورفی رەتكراوەیە، بەڵام داواكاری خۆپێشاندەران خاڵی چوارەمی كارنامەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە. لە خاڵی چوارەمدا زورفی دەڵێ، پێویستە خۆپێشاندەران پارێزراو بن و وەڵامی داواكارییەكانیان بدرێتەوە، ناسنامەی ئەو كەسانەش ئاشكرا بكرێت كە بوونەتە هۆی كوژران و برینداربوونی هەزاران خۆپێشاندەر.

سێكتەری ئابووری ریزبەندی پێنجەمی لە كارنامەكەی زورفی گرتووە، لە شەش خاڵی سەرەكیدا بەرنامە ئابوورییەكەی راگەیاندووە كە هیچی جیاواز نییە لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێش خۆی.

لەوانە پێشخستنی سێكتەری ئابووری و هاندانی وەبەرهێنان، پشتگیری پڕۆژەی بچووك و مامناوەند بە مەبەستی كەمكردنەوەی بێكاری و رەخساندنی دەرفەتی كار. هەروەها باشتركردنی خزمەتگوزاری بۆ فەرمانبەران و پێداچوونەوە بە رێكارە گومرگییەكان لە پێناو چالاككردنی سێكتەری پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی.

خاڵی شەشەمی كارنامەكەی زورفی، پرسی سەروەری یاسا و پشتگیری دامەزراوە سەربازی و تەناهییەكانە، لەمەشدا بە سێ خاڵ كۆتایی پێ هێناوە لەوانە سەرجەم هێزەكان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت، بەرزكردنەوەی توانا دامەزراوە سەربازییەكان و پشتگیری دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە، هەروەها چەك لە دەستی دەوڵەت بێت.

ئاوارە و پەنابەران، خاڵی حەوتەمی كارنامەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە، لەوێدا باس لە چارەسەری دۆسیەی ئاوارەی ناوخۆی وڵات دەكات لە رێی رەخساندنی ژیانێكی بە كەڕامەت و دابینكردنی تەناهی و دابینكردنی پێداویستییەكانیان.

چاودێری كۆمەڵایەتی یەكێكی ترە لە خاڵە سەرەكییەكانی كارنامەكەی حكوومەتی زورفی، داوای گرتنەبەری رێكاری پێویست دەكات بۆ بەرزكردنەوەی توانای بەرنامەی چاودێری كۆمەڵایەتی تا هەژارترین خێزان لە كۆمەڵگە سوود لەو بەرنامەیە وەربگرێت، بە جۆرێك بەرنامەكە بەپێی چەند پێوەرێك بێت كە وەزارەتی پلاندانان دایدەڕێژێت.

خاڵی نۆیەمی بەرنامەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، چاكسازییە لە پێشخستنی توانای حكوومەت، بە جۆرێك حكوومەت بە ئەلیكترۆنی بكرێت و سیستمی بانكداری پێش بخرێت.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، خاڵی دەیەمی كارنامەكەی زورفییە، لەوێدا بە دوو خاڵ باس لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دانە دادگای گەندەڵكاران دەكات لە رێی پشتگیریكردنی دەسەڵاتی دادوەری و چالاككردنی رۆڵی دامەزراوەكانی چاودێری.

لە خاڵی دووەمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، زورفی باس لە هاندانی دروستكردنی شاری پیشەسازی دەكات، هەروەها ئاماژە بە پاراستنی سەرمایەی مرۆیی و سروشتی دەكات بۆ پێشخستنی ئابووری نیشتمانی و گەشەپێدانی بەردەوامی، هاوكات تیشك دەخاتە سەر كاركردن بۆ پێشخستنی بەرهەمی كشتوكاڵی و ماڵداری لە رێی گرتنەبەری رێكاری توند بۆ پاراستنی بەرهەمی كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵی ناوخۆ، هاوكات بەرزكردنەوەی رێژەی كشتوكاڵ لە پشتگیری ئابووری نیشتمانی.

خاڵی 11ی كارنامەكەی زورفی باسكردنە لە سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای "یەكەمجار عێراق" و دووركەوتنەوە لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كە بووەتە هۆی ئەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێیەكان.

زورفی دەڵێ، پێویستە سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای عێراق دابڕێژرێت، لەم سۆنگەیەوە كرانەوە بە رووی هەموو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێت بە مەرجی پاراستنی سەروەری عێراق.

خاڵی 12ی كارنامەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، پێوەندی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستانە. لەم خاڵەدا كە بە 23 وشە باس لەو پێوەندییە كراوە، دووپات لە تێگەیشتنی هاوبەش بە لەبەرچاوگرتنی جێبەجێكردنی دەستوور و رێزگرتن لە هاوبەشی و قووڵكردنەوەی یەكێتیی نیشتمانی كراوە، لەسەر بنەمای دنیابینییەكی ئەرێنی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێراوەكان.

خاڵی 13ی كارنامەكەی زورفی، پشتگیریكردنی پارێزگاكانە و دووپات لە جێبەجێكردنی بنەمای لامەركەزییەت دەكاتەوە كە پارێزگاكان خۆیان بتوانن ئیدارەی خۆیان بدەن و ئەركەكانیان بەرانبەر بە هاووڵاتییان جێبەجێ بكەن، بە جۆرێك پێچەوانەی دەستوور نەبێت.

سێكتەری پەروەردە و خوێندن خاڵی چواردەی كارنامەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە، باس لە پشتگیری خوێندنی پیشەیی و هونەری دەكات بەجۆرێك كە خواستی بازاڕی عێراق پڕ بكاتەوە، هاوكات ئاماژە بە دروستكردنی بینای زیاتری قوتابخانەكان دەكات بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی كەمی قوتابخانە.

لە خاڵی 15ی كارنامەكەیدا، زورفی ئاماژە بە پشتگیری رۆڵی ژن دەكات و هێما بۆ ئەوە دەكات كە پێویستە گرنگی بە رۆڵی ژن درێت لە هەموو ئاستەكانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی، هاوكات بەشداری پێ بكرێن لە بڕیاردان و بەرپرسیاریەتیی هەڵگرتنی بڕیارەكانیش.

بەرنامەی وەزارەتەكان كە خاڵی 16 و دوا خاڵی بەرنامەكەی زورفییە، ئاماژە بەوە كراوە كە وەزیرانی كابینەی حكوومەت ناچار دەكرێن لە ماوەی 30 رۆژدا پێویستە بەرنامەی وەزارەتەكانیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكەن.



وشە - فه‌رمان سادق