عەدنان زورفی و نەیارانی گرەو لەسەر سوپرایزی دوا كاتەكان دەكەن

:: PM:07:21:04/04/2020 ‌

لە 17ی مانگی ئازاری رابردوو، عەدنان زورفی، دوو لە رێككەوتنی ناو ماڵی شیعە، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت هاتە راسپاردن، ئێستەیش لە هەنگاونان بەرەو خستنەڕووی كابینەكەی لەناو پەرلەمان بەردەوامە، پەرلەمانتارێكی پێشووی كورد دەڵێت، ئەو توانوویەتی ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتار رازی بكات، شارەزایەكیش دووپاتی كردەوە كە زورفی و نەیارەكانی كار بۆ ترازانی سوننە دەكەن بۆ شكاندن و دروستبوونی نیساب، كە ئەگەر دروست بوو، كابینەی زورفی دێتە تێپەڕاندن.
 
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، بەپێی بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێم، لە ماوەی رابردوودا پێوەندیی لەگەڵ عەدنان زورفی، راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق هەبووە، بەڵام تا ئەو ساتەیش هەڵوێستی كورد دیار نییە، كورد هەڵوێستی لەسەر بنەمای رێككەوتن و سازانی هێزە شیعەكان بنیات دەنێت، كاتێك ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بە سازانی هێزە شیعەكان بەستووەتەوە، كە تا ئەو ساتەیش سەرانی سیاسیی شیعە لەسەر پاڵپشتیكردنی زورفی رێكنەكەوتوون.
ئەگەر نیسابی دانیشتن تەواو بیت حكوومەتی زورفی دێتە تێپەڕكردن
زیاتر گوتی، ئێستە قسە و باس زۆرە بەوەی عەدنان زورفی، توانویبێتی بەشێكی زۆری پەرلەمانار و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان رازی بكات بە دەنگدان بۆ تێپەڕبوونی كابینەی حكوومەتەكەی، بەڵام بە ئاشكرا هیچ شتێك نییە ئاماژە بۆ ئەوە بكات زورفی بتوانێت كابینەی حكوومەتەكەی بە ئاسانی تێپەڕ بكات.

سەبارەت بە هەوڵوێستی كورد بەرانبەر بە زورفی، كە كەسایەتییەكی سەر بە هاوپەیمانی "نەسڕە" و ئەو هاوپەیمانیەتییەیش حەیدەر عەبادی سەركردایەتی دەكات، كە كورد ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ فەرمانڕەوایەتییەكەیدا هەبووە، ئەوە تا چەند كار دەكاتە سەر هەڵوێستی كورد بەرانبەر بە پاڵپشتیكردنی كابینەكەی و مەرجەكانی؟

شنگالی دووپاتی كردەوە، سیاسەت بریتییە لە هونەری ئەوشتەی دەكرێت، واتە هونەری گەیشتن بەوەی دەتەوێت پێی بگەیت و لەناو سیاسەتدا دوژمن و دۆستی بەردەوام نییە، پێوەندیی كورد لەگەڵ نووری مالیكیش باش نەبوو، كەچی ئێستە پێوەندییەكان باشن، زورفی لە هاوپەیمانی "نەسڕە" و سەرۆكی فراكسیۆنەكەیەتی لە پەرلەمان، بەڵام حزبی خۆی هەیە و رەنگە بۆچوونەكانی لەگەڵ ئەوەی عەبادی جیاواز بێت یان نزیك، بۆیە پێویستە كورد لە بنیاتنانی پێوەندییەكانیان پشت بە كەسی زورفی نەبەستن، بەڵكو لەگەڵ ئەو فراكسیۆنانەی پاڵپشتی لێ دەكەن، بۆ ئەوەی بتوانن رێككەوتننەكان لەناو پەرلەمان تێپەڕ بكەن.

زیاتر گوتی، چونكە ئەگەر كورد سەبارەت بە مافی و داواكارییەكانی لەگەڵ زورفیش رێكبەكەوێت، دەبێت ئەوانە لەناو پەرلەمان تێپەڕ بن و دەنگی كورد بە تەنیا لە پەرلەمان بەشی تێپەڕاندنیان ناكات، بۆیە دەبێ فرراكسیۆنەكانی پاڵپشت بۆ زورقی ئەوانیش پاڵپشتی لە داواكارییەكانی كورد بكەن.

شنگاڵی ئاشكرای كرد كە راستە زورفی لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا كاری كردووە، بەڵام ناتوانین بڵێین كەسێكی نزیكە لە ئەمەریكا، ئەو پەرلەمانتار و پارێزگاری نەجەف و بریكاری وەزارەتی ناوخۆی بووە بۆ كاروباری هەواڵگری، بۆیە زۆرینەی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بە توندی رەتی دەكەنەوە، زورفی خۆی باسی هیچی نەكردووە كە لایەنگری ئەمەریكایە و بە بەردەوام باسی بوونی پێوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان دەكات.

عەدنان ساڵحی، سەرۆكی سەنتەری موستەقبەل بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ عەدنان زورفی بەرنامەی حكوومەتەكەی رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كرد و داوای لە سەرۆكی پەرلەمان كردووە بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ سازكردنی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی، وەك دەزانن پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە سێ پێكهاتە پێكهاتووە، شیعە و كورد و سوننە.

زیاتر گوتی، پێم وایە كورد لە رووی سەرەتاییەوە بە عەدنان زورفی رازین بۆ پاڵپشتیكردنی لە وەرگرتنی متمانە، ئەوەیش تەواو دیار نییە و پشت بە ئاماژەكانی هەن دەبەستێت، هەرچی سوننەیە ئاماژە بۆ رازیبوونیان بە عەدنان زورفی هەیە، بەڵام شیعەیە، پێم وایە سەردانەكەی چەند كەسایەتییەكی وڵاتانی دراوسێ، ئاماژەیەكی روونە بەوەی هێزە سیاسییە شیعەكان تا ئێستە رێكنەكەوتوون لەسەر رەتكردنەوە یان قبووڵكردنی، بۆیە زورفی گرەو لەسەر پەرتەوازەیی ناو ماڵی شیعە دەكات و یارییەكە لێرەوە دەست پێ دەكات، ئاخۆ شیعە یەك دەنگ دەبن بۆ قبووڵكردن و رەتكردنەوەی.

ساڵحی دووپاتی كردەوە، ئەو یارییەی زورفی دەیكات، بریتییە لە پەرتكردنی هێزە شیعەكان بۆ بەدەستهێنان پاڵپشتیی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارانیان بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی، پێم وایە زورفی لەسەر چەند كەسایەتییەك لە ناو ماڵی شیعە كار دەكات بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و كاریگەریی ئەوان، واتە سەركردەكان نا، بەڵام كەسانێكی گاریگەر بەسەر پەرلەمانتارانی عێراق، ئێستە "نەسڕ"، بە تەواوەتی پاڵپشتی دەكەن، هەرچی "سائیروون"ە، هەرڵوێستیان روون نییە، ئەوانەیشی رەتی دەكەنەوە بەشێكی دەوڵەتی یاسا و بەشێكی هاوپەیمانی فەتحن، كە ئەوانە كار بۆ تێكدانی نیسابی هەر دانیشتنێك دەكەن، كە ئەگەر دانیشتن ساز كرا زورفی تێپەڕ دەبێت و پێم وایە ئەوە نزیكترە، ئەگەر سوپرایز روو نەدات و دۆخەكە بگۆڕێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل