سلێمانی.. ژنان كۆنترۆڵی هاتوچۆ دەكەن

:: PM:05:50:05/04/2020 ‌
لە شەقام و ترافیك و بازگە كاتییەكاندا لە سلێمانی ژنانی ئەفسەر و كارمەندی هاتوچۆ دەبینرێن و بەبێ جیاوازی لەگەڵ هاوپیشەكانیاندا لە ئەركدان و خزمەت دەكەن.

كاروان محەمەد گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، بڕیار دراوە ئەفسەر و كارمەندان و ڕێپێدراوانی ژن لەسەر شەقامەكان لە ئەرك و فەرماندا دەبن و بە بێ جیاوازی ژن و پیاو بۆ هاوكاركردنی ئەفسەرانی ناوشار هەموویان خراونەتە ئامادەباشییەوە و خزمەت دەكەن.

لە دەزگایەكی سەربازی ئیداریدا كاردەكەین و هیچ جیاوازیەك نیە لە نێوان ژن و پیاو
روونیشی كردەوە، لە دەزگایەكی سەربازی ئیداریدا كاردەكەین و هیچ جیاوازیەك نیە لە نێوان ژن و پیاو، بۆیە بە پێی بڕیاری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، هەموویان خراونەتە ناو ئەرك و فەرمانەوە.

"ئەو ژنانەی كە ئێستە لەسەر شەقامەكان دەبینرێن، ئەو ژنانەن كە لەناو هۆبەكانی بەڕێوبەرایەتی دەوامیان دەكرد، بەڵام ئێستە دەوامی ناو بەڕێوبەرایەتی نەماوە بەهۆی پشووە و بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ، بۆیە ئەو ئەفسەر و كارمەندە ژنانەش بە بێ جیاوازی خراونەتە ناو خشتەی كاركردن لەسەر شەقامەكان" بەرپرسەكەی هاتوچۆ وای گوت.

هەرێمی كوردستان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئێستە بە قۆناغی قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتوچۆ تێپەڕ دەبێت و سەرجەم هێزە تەناهییەكان و ئەوانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن خراونەتە ئامادەباشییەوە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد






وشە - سه‌رخێڵ هاشم