چین نزیكەی چوار ملیار ماسكی فرۆشتووە

:: PM:10:18:05/04/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چینەوە بەرەو دنیا بڵاوبووەوە، ئەو لە ناوەڕاستی ئازاری رابردوو دەستی بە كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە كرد، بڕیاریشە لە هەشتی ئەم مانگە داخستنی شارەكانی كۆتا پێ بێنێت، وەك ئاماژەیەك بۆ ئاساییبوونەوە و سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا، ئێستەیش خەریكی قەرەبووكردنەوەی زیانەكانە، كاتێك دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایان گەیاند كە تا ئێستە نزیكەی چوار ملیار ماسكیان فرۆشتووە.
چین قەرەبووی زیانە ئابوورییەكانی دەكاتەوە
ئەمڕۆ یەكشەم جین های، بەرپرس لە فەرمانگەكانی گومرگی چینی گوتی، لەوەتەی سەرتای ئازاری رابردووەوە، چین 3.86 ملیار ماسك و 37.5 ملیۆن پۆشاكی خۆپارێزی و 16 هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستكرد و 2.48 ملیۆن ئامێری ئاشكراكردنی تووشبوون بە كۆرۆنای هەناردەی زیاتر لە 50 دەوڵەتی دنیا كردووە، بەهای ئەو كاڵایانەیشی بە 10.2 ملیار یوانی چینی (1.33 ملیار یۆرۆ)، خەمڵاند.

ئەوە لەو كاتەی كە بەشێك لە وڵاتانی دنیا سكاڵایان لە كوالیتی ئەو كاڵا پزیشكییە چینیانە هەیە، وەك ئەوەی هۆڵەندا لە 28ی ئازاری رابردوو، 600 هەزار ماسكی بۆ چینی گەڕاندەوە، لە كۆی 1.3 ملیۆن ماسك، چونكە پێوەرەكانی كوالیتی تەواو نەبووە، چینیش وەڵامی داوەتەوە كە كۆمپانیاكە رای گەیاندووە ئەو ماسكانە بۆ نەشتەركاری بەكار نایەت.

هەروەها ئیسپانیا لە كۆتای ئازاردا، هەزاران ئامێری پشكنینی ستۆكی كۆمپانیایەكی چینی گەڕاندەوە كە لە پشكنین دەرنەچووبوون، لەو بارەوە جیانگ ئاماژە دەكات، كە هۆكاری ئەوە بۆ جیاوازی پێوەرەكانی چین و ئەو وڵاتانە دەدەڕێتەوە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل