لە ئەڵمانیا تووشبوون بە كۆرۆنا رووی لە دابەزین کرد

:: AM:10:08:06/04/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی تا دێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی دنیا رووەو هەڵكشانە و ئەمەریكا رۆژانە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات، بۆ چوارەم رۆژ لەسەر یەك، ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە ئەڵمانیا روو لە دابەزینە.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، بەپێی ئامارەكان بێت لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رووی لە كەمی كردووە.

بەپێی ئامارەكانی پەیمانگەی رۆبەرت كۆخ بۆ نەخۆشییەكانی گەدە بێت، ژمارەی ئەو كەسانەی لە 24 سەعاتی رابردوودا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە لە ئەڵمانیا، تەنیا سێ هەزار و 677 كەسە، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە رۆژانی رابردوو زۆر رووی لە دابەزین كردووە.

رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا رووی لە کەمی کردووە


بەگوێرەی ئامارەكان، پێنج رۆژ پێش ئێستە ژمارەی تووشبووان لە رۆژێكدا پێنج هەزار و 936 كەس بووە، لە چوار رۆژی رابردوودا رۆژانە ژمارەی تووشبووان رووی لە كەمی كردووە.
 
بەپێی دوا ئامار بێت، كۆی گشتی ئەوانەی لە ئەڵمانیا بە دڵنیایی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، 100 هەزار و 123 كەسە، لەم ژمارەیەدا 25 هەزار و 280 تووشبوو چاك بوونەتەوە و هەزار و 584 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.

ئەڵمانیا لە ریزبەندی جیهانیدا دوای ئەمەریكا و ئیسپانیا و ئیتالیا دێت لە زۆری ژمارەی تووشبووان، ئەو وڵاتانە پێش چین و ئێران كەوتن كە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە پێشەنگی جیهانی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.



وشە - فه‌رمان سادق