ئەمەریكا شەڕ بۆ بەرژەوەندییەكانی دەكات یان عێراق پێشكەشی ئێران دەكات؟

:: PM:04:14:07/04/2020 ‌
ئەمەریكا لە چەند مانگی رابردوو لە كاتی خۆپێشاندانەكانی عێراق، لەلایەن بڕۆكسییەكانی ئێران رووبەڕووی مەترسی بووە. بەتایبەت كە ئەمەریكا دوو كەسی گەورەی لە شیعە كوشت ئەوانیش قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی لە عێراق.

ئەمڕۆ حەوتی نیسان، ئەمەریكا لە شەشەمین ناوچەی عێراق هێزەكانی خۆی كشاندەوە كە ئەبوغرێب بوو، ئەمەش لەلایەن هەندێكی ئاگەدار لە دۆخەكە مانای ئەوەیە  كە ئەمەریكا خۆی لە ناوچە شعییەكان بە دوور دەگرێت، روو دەكاتە ناوچە ئارامەكان كە هەرێمی كوردستان و تا ئاستێك سوننەنشینەكانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی.

بەشی رادار و بەشی كۆنتڕۆڵكردن و بەشی سەكۆی مووشەكەكان و مووشەكەكان خۆیان


هەرێمی كەماڵ ئاغا  ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی گوت، ئەمەریكا بەیەكجاری لە عێراق ناكشێتەوە، بەڵكو خۆی لە پێكدانی ئەو هێزانە لەسەر ئێران ماڵن بە دوور دەگرێت، بۆ ئەوەی بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی لە عێراق بكات.

ئەمەریكا دەستی كردووە بە دامەزراندنی سیستمی پاتریۆت لە هەرێمی كوردستان و ئەنبار. كە ئەو سیستمە  لە چوار بەش پێكهاتووە، بەشی رادار، بەشی كۆنتڕۆڵكردن، بەشی سەكۆی مووشەكەكان و مووشەكەكان خۆیان.

بەشی رادار لە سیستمەكە دەتوانێ لە یەك كاتدا 50 ئامانج دیار بكات، لە ماوەی نۆ چركە لە  ژووری كۆنتڕۆڵ  هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەكە بكرێت و بڕیاری تەقاندنی مووشەكەكە بدات.

هەروەها  دامەزراوە سەربازییەكان دەپارێزێ لە هێرشی ئاسمانی، لە بنەڕەدا بۆ كاری بەرەگی دوورمەودا دانراوە.

هاوكات  لە دووری 160  كیلۆمەتر ئامانجی ئاسمانی و لە دووری 75 كلیۆمەتر ئامانجی مووشەكی دەپێكێ. هاودەم  لە بەرزی  60 سم تا 15 كیلۆمەتر كار دەكات. 

 هەروەها سیستمێكی بەرگری پاتریۆت كە بە "باك 3ئێم ئێس ئەی" ناسراوە، بە یەك كەڕەت دەتوانێ 16 مووشەك بتەقێنێ كە درێژی هەریەكەیان پێنج مەتر و كڵاوەی تەقینەوەی هەریەكەیان 73 كیلۆگرامە.

"وشە" زانیویەتی بەشێك لەو هێزانەی لە سەبازگەكانی عێراق كشاونەتەوە، هێنراون بۆ فڕۆكەخانەی هەریر لە هەولێر بەتایبەت كەوانەی سەربازگەی كەی وەن، هەروەها ئەوانەی ناوچە شیعییەكان بۆ سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار براون. هەروەها ڕۆژانە بە خێرایی كار لە جێگیركردنی سیستمی پاتریۆت دەكەن.

هاوكات ئەكرەم ساڵح ئەندامی سەركردایەتی پارتی  بە "وشە"  رای گەیاند،  خوێندنەوە بۆ ئەو رەفتارانەی ئەمەریكا لە ناوچەكە روون نییە، چونكە لە ناوچەیەك دەكشێتەوە و لە  هەندێك شوێنی سیستمی پاتریۆت جێگیر دەكات.

لەبەرئەوەی ئەمەریكا لە 2003وە شەڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و پێگەی دەكات

روونی دەكاتەوە، جێگیركردنی ئەو سیستمانە خۆی ئاماژەیە بۆ مانەوەی ئەمەریكا و پلانی درێژخان، چونكە تا ئەمەریكا گرژییەكانی لەگەڵ ئێران كۆتایی نەیەت، عێراق جێناهێڵێت.

چاودێرانی سیاسی پێیان واییە شیكردنەوە بۆ جووڵەی ئێستەی ئەمەریكا ئەستەمە، لەبەرئەوەی ئەمەریكا لە 2003وە شەڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و پێگەی دەكات و وا بە ئاسانی پێشكەشی ئێران و بڕۆكسییەكانی بكات.

نەزاكەت حوسێن چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، ئەمەریكا جێپێی خۆی لە عێراق زیاتر دادەكوتێ، چونكە ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەكە بە تایبەت لە عێراق روو دەدات، لەبەرئەوەی عێراق ناتوانێ خۆی بپارێزێت.

ئەو چاودێرە هێمای بۆ ئەوە كرد، عێراقێك داڕووخاوە لە ئابووری و هەروەها دەناڵێنت بە دەست گرووپە بڕۆكسییەكانی ئێران، كە بەردەوام مەترسین بۆ عێراق و حكوومەتیش ناتوانێت كۆنتڕۆڵیان بكات.



وشە - زریان تەها