عاسم جیهاد: داهاتی نەوتی عێراق نزیكەی 50% كەمی كردووە

:: PM:05:37:07/04/2020 ‌

عێراق بە هاوشێوەی وڵاتانی دنیا رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتەوە، جیا لە زیانی تەندروستی زیانی ئابووری گەورەی بەر كەوتووە، لە رووی ئەوەی وڵاتێكی نەوتییە و بودجەكەی پشت بە نەوت دەبەستێت و نەوتیش نرخی زۆر دابزیوە، جیا لە بێكاری و وەستانی بازاڕ، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، داهاتی نەوتی عێراق نزیكەی 50% كەمی كردووە، بەڵام نرخەكەكان لە داهاتوو بەرز دەبنەوە و داهات زاد دەكات.
رێككەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت نرخی نەوت زیاتر بەرز دەكاتەوە
عاسم جیهام، ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی ئەوتۆ كاری نەكردووەتە سەر بەرهەمهێنان و هەناردنی رۆژانەی نەوت، راستە كێشەكە گەورەیە، بەڵام وەزارەتی نەوت بە سووربوونەوە كاری بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەكە و گەیاندنی بەرووبوومەكانی نەوت لە ناوخۆ بۆ هاووڵاتییان و خاوی نەوتیش بۆ بازاڕەكانی دنیا كردووە.

زیاتر گوتی، بۆیە هەموو كارەكانی پێوەست بە وەزارەتی نەوت باشن، جیا لەوەیش یارمەتی كەرتەكانیترمان داوە، وەك تەندروستی و بەشداری پرۆسەی تەعقیمكردنمان كردووە، ئەو تەنگژەی هەیە جیهانییە و تووشی ئابووری هەموو وڵاتانی بەرهەمهێن هاتووەتەوە، تەنگژەكە كاری كردووەتە سەر نرخی نەوت، ئێستەیش وڵاتانی ئۆپێك و عێراقیش كار بۆ رێككەوتن و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت دەكەن، ئەوەیش كار دەكاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، مانگی رابردوو عێراق نەوتی بە 28 دۆلار فرۆشتووە، بەوەیش داهاتی مانگانەی نەوتەكەی بە رێژەی نزیكەی 50% كەمی كردووە، بەڵام ئەوە كاتییە و بەر لە چەند ساڵێك دۆخێكی هاوشێوە رووی دا و تێپەڕمان كرد.

روونی كردەوە، چاوەڕوانین لە دانیشتنی پێنجشەمی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، رێككەوتن ساز بكرێت و نرخی نەوت زیاتر بەرز بێتەوە، جیا لەوە هەوڵێكی دنیایی هەیە بۆ رووبەڕوویوونەوەی كۆرۆنا و دۆزینەوەی چارەسەری بۆی، ئەگەر سەركەوت، ئەویش رێگە بۆ چاكبوونەوەی ئابووری جیهان و ئاساییبوونەوەی نرخی نەوت خۆش دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل