ئەمەریكا: چاودێری جموجۆرڵەكانی ئێران لە عێراق دەكەین

:: PM:07:22:07/04/2020 ‌

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا، لەوانەیش لە عێراق و ئەمەریكا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە چاودێری جموجۆڵەكانی ئێران لە عێراق دەكەن، دووپاتی كردەوە كە سەلامەتی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەی زۆر گرنگە.
بۆ ئێرانی باشترە هەڵسوكەوتی ئاسایی بێت و گرنگی بە گەلەكەی بدات
مۆرگان ئۆرتاگۆس، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی گوتی، پێوەست بە هێرشەكانی دوایی بۆ سەر بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، رای گەیاند كە سەرقاڵیمان بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، مانای ئەوە نییە دۆخی ناوچەكە فەرامۆش دەكەین.

زیاتر گوتی، چاودێری هەڵسوكەوتەكانی ئێران لە عێراق دەكەین و لە دۆخی هێزەكانمان لەوێ بێئاگا نین، بۆیە سەلامەتی سەربازانی ئەمەریكا بۆ ترەمپ و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە زۆر گرنگە، سەرۆك ترەمپ وریایی دا لەوەی هەر هێرشێك بۆ سەر هێزەكانمان، میلیشیاكانی سەر بە ئێران لێی بەرپرسیارن.

دووپاتی كردەوە، بۆیە ئێران ناتوانێت ئەوە بڵێت كە میلیشیاكان بەرپرسن و هێرش ئەنجام دەدەن، بەڵكو ئەو دەیكات، ئێمە ئێران بە بەرپرس دەزانین، وا بۆ رژێمی ئێرانی باشترە كە هەڵسوكەوتێكی ئاسایی هەبێت و گرنگی زیاتر بە گەلەكەی بدات، ئێستەیش واشنتن پابەندە بە پێشكەیشكردنی یارمەتی بۆ ئێران و یارمەتیدانی بێ بەرانبەری لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێمە زانیاریمان لەبارەی مردنی 17 بەرپرسی ئێرانی هەیە بەهۆی كۆرۆناوە، ئەوەیش دەری دەخات كە ئەو رژێمە توانای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكەی نییە، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەو رژێمە یارمەتی گەلەكەی بدات لە بری دوژمنایەتیكردنی ئەمەریكا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل