ڤیدیۆ.. مەسروور بارزانی سوپاسگوزاری بەرپرسانی تەندروستیی هەڵەبجەیە

:: PM:09:11:07/04/2020 ‌

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و نەخۆشانی كۆرۆنا لە هەڵەبجە قسە دەكات و سوپاسی خۆڕاگرییان دەكات.

جیهاد ئیبراهیم حەمە سەرۆكی تیمی كۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێوەندی بە منەوە كرد بەوەكیلی پزیشكان و كارماندانی تەندروستی لەگەڵ سەرۆك وەزیران قسەم كرد، بەناوی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی كردین و پێ گوتین شانازیتان پێوە دەكەم و دەست خۆشیتان لێدەكەین و ماندوو بوونتان دەنرخێنین.

زیاتر گوتی، داوای لێ كردین باسێكی كۆرۆنامان لە هەڵەبجە و دۆخی تەندروستی نەخۆشەكانمان بۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران كرد، دەستخۆشی لێ كردین و داوای كرد كە داواكاریمان و پێشنیارمان چییە؟ ئێمەیش چەند داواكارییەكی پێویستی بۆ سیستمی تەندروستیی هەڵەبجە ئاڕاستەی سەرۆك وەزیران كرد، پێ گوتم، پێشنیارەكانتان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی باس دەكەم.

مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی کارمەندانی تەندروستی هەڵەبجەی کردووە و بە نەخۆشەکانی گوتوە خۆڕاگربن

ئاماژەی بەوەیش داوە، سەرۆكی حكوومەت لە تەلەفۆنەكەی لەگەڵمان قسەی لەگەڵ كارمەندێكی تەندروستی كرد و قسەشی لەگەڵ نەخۆشێكی كۆرۆنا كرد پێ گوتن ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەبێت بۆتان دەكەین.

حكوومەت پێداویستی پێویستی ئێستە بۆ هەڵەبجە لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا تەرخان كردووە، بەڵام ئێمە بە سەرۆك وەزیرانمان گوت، ئەگەر كۆرۆنا لە هەڵەبجە روو لە زیادبوون بكات پێویستمان بەوەیە بوودجەی زیاترمان بۆ تەرخان بكەن.

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەسەرەتای تۆماركردنی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە كوردستان تیمی حكوومەتی راسپارد كە بەهەموو شێوەیەك هەوڵی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان بدەن.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ





وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان