هۆكاری هەڵكشانی ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق ئاشكرا دەكرێت

:: PM:09:18:07/04/2020 ‌

لە ماوەی دوو رۆژدا لە عێراق 161 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كرا، بەرپرسێكی تەندروستی عێراق هۆكاری ئەو زیادبوونە ئاشكرا دەكات. 
تا ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی قوربانیان هەیە
ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماری حاڵەتەكانی تووشبوونی بە كۆرۆنای لە ماوەی 24 سعاتی رابردوو راگەیاند، كە لەو ماوەیەكدا 91 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، ئەوەیش زۆرترین ژمارەیە كە لە رۆژێكدا تۆمار كرابێت.

وەزارەتەكە گوتی، لە ماوەی رابردوو 26331 حاڵەتی گومانلێكراو لە تاقیگەكانی سەرانسەری عێراق پشكنینیان بۆ كراوە و 91 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كران، جیا لە حاڵەتێكی مردن لە بەغدا و 29 چاكبوونەوەیش، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتە 1122 حاڵەت، مردنیش 65 حاڵەت و 373 حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەیە.

لای خۆیەوە نازك فەتلاوی، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی بەغدا رای گەیاند، هۆكاری سەرەكیی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و پابەند نەبوونە بە رێنوێنییەكان و خۆدوورنەخستنەوەیە لە شوێنە جەنجاڵەكان، بۆیە تاكە چارەسەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان، توندكردنی قەدەغەی هاتوچۆ و پابەندبوونی هاووڵاتییانە بە رێنوێنییەكان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل