سائیروون: هێشتە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر كازمی نەكراوە

:: PM:10:04:07/04/2020 ‌

شەوی رابردوو هەریەك لە موقتەدا سەدر و هادی عامری لە نەجەف لە ماڵی سەدر كۆبوونەوە، ئەوان لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رێككەوتن دوای شكستهێنانی عەدنان زورفی لە پەرلەمان، ئەمڕۆیش هاوپەیمانی "سائروون"ی سەر بە سەدر هێرشی كردە سەر هاوپەیمانی "فەتح"ی و رای گەیاند كە هێشتە رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە.
هێزە شیعەكان تەنیا بۆ شكستهێنان بە زورفی كازمی كاندید دەكەن
لەوكاتەی هێزە شیعەكان چاوەڕوانی دەستكێشانەوەی زورفین لە راسپاردنی یان شكستهێنانی لەناو پەرلەمان، بۆ پێشكەیشكردنی نووسراوی راسپاردنی كازمی، بەدر زیادی، سەرۆكی هاوپەیمانی "سائیروون"، لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، تا دوێنێ بوو هاوپەیمانی "فەتح"، ڤیتۆی لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی دانابوو، ئەمڕۆیش وەك ئامرازێكی گوشار بۆ پاشەكشەكردنی زورفی بەكاری دێنێت.  

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی بۆ كاندیدكردنی كازمی نییە، ئەوە لەوكاتەی بەر لە كۆبوونەوەكەی نەجەف، هەریەك لە هادی عامری و عەمار حەكیم و نوێنەری مالیكی لە بەغدا لە ماڵی حەكیم لەسەر راسپاردنی مستەفا كازمی لە شوێنی زورفی رێككەوتبوون، بەپێی یاسای عێراقیش ئەو هێزانە ناتوانن كازمی وەك كاندید پێشكەیش بكەن، تەنیا ئەگەر دەست بكێشێتەوە یان لە پەرلەمان شكست بێنێت.

لای خۆیەوە ئەیاد عناز، شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی دەڵێت، گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق ئێستەیش بووەتە گیرخواردووی ململانێ سیاسییەكان و بینە و بەردەی حزبەكان بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندی دارایی و ئابووری و حزبی خۆیان، ئەوەیش كار دەكاتە سەر رێڕەوی رووداوەكان، زورفی گرەو لەسەر پاڵپشتیی كەسیی پەرلەمانتارەكان دەكات، جیا لە پاڵپشتی كورد و سوننە، نەیارەكانیشی بە ویستی ئێران هەوڵی شكست پێ هێنانی دەدەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل