پەیامێك لە یەكێتی زانایانی كوردستانەوە بۆ هاووڵاتییان

:: AM:09:45:08/04/2020 ‌
یەكێتی زانایانی كوردستان پەیامێك ئاراستەی هاووڵاتییان دەكات، تێیدا داوای ئارامی و مانەوە لە ماڵ بۆ تێپەڕاندنی كۆرۆنا دەكات و جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكان بە ئەرك دەزانێت.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، لە پەیامێكی یەكێتی زانایانی كوردستاندا هاتووە، لەم دۆخەدا پێویستە ددان بەخۆماندا بگرین و بەئارامی و هیمەتبەرزی و ئومێدەوە لە ئایندە بڕوانین.

بەردەوام نزای خێر بۆ سەلامەتی و دەفعی بەڵا و نەخۆشی و ناخۆشی لەسەر كوردستان بكەین
ڕوون كراوەتەوە، بۆ مسوڵمانان زۆر گرنگە ماوەی مانەوەمان لە ماڵ بكەینە وێستگەی بەخۆداچوونەوە و رامان و راستكردنەوەی نیەت و كردارمان لەگەڵ خوای گەورە، هەروەها لەم كاتەدا وەك هەڵمەتێكی رۆحی و ئیمانی پێویستە بەردەوام نزای خێر بۆ سەلامەتی و دەفعی بەڵا و نەخۆشی و ناخۆشی لەسەر كوردستان بكەین.

لە پەیامەكەی یەكێتی زانایان ئەوەش هاتووە، رووبەڕووبوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەرپرسیارییەتێكی هاوبەشە و پێویستە هەمووان هاوكار بین بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، هەروەها جێبەجێكردنی رێنوێنییە تەندروستی و تەناهی و ئیدارییەكان ئەركێكی هەرە پێویستی ئەم قۆناغەیە.

ئەو پەیامەی یەكێتی زانایانی كوردستان لە كاتێكدایە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەفراوانی بڵاو بووەتەوە و حكوومەت بۆ پاراستنی هاووڵاتییان سەرجەم ڕێكارەكانی گرتووەتەبەر.





وشە - رامیار جەواد