لایەنە سوننەكان هەڵوێستی خۆیان لە نێوان زورفی و كازمی یەكلا كردەوە

:: PM:02:37:08/04/2020 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، هێزە سوننەكان لە ماڵی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان عێراق، لە بەغدا كۆ بوونەوە.

بەپێی بەیاننامەی كۆبوونەوەكە بێت كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، لایەنە سوننەكان پشتیان لە عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت كرد، پشتگیری خۆیشیان بۆ مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقی راگەیاند.

هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان كە حەلبووسی سەركردایەتی دەكات، لە بەیاننامەكەیان دووپات لە یەك هەڵوێستی خۆیان دەكەن كە پشتگیری لە سەقامگیری عێراق و هەنگاونان بەرەو بژاردەیەكی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەسەر بنەما دەستوورییەكان دەكات.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان دەست بە یەكێتیی نیشتمانی دەگرێت بەرانبەر بە بەربەستەكان لەپێناو گەلانی عێراقی، دووپات لە یەكڕیزی سیاسی لایەنەكان دەكاتەوە لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئەستەم و مەترسیدارە كە عێراق لەسەر ئاستی تەندروستی و تەناهی و ئابووری و سیاسی پێیدا تێدەپەڕێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان پشتگیری لە كۆدەنگی سیاسی لایەنە شیعەكان دەكات لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

سوننە پشت لە زورفی دەکەن و پشتگیری لە کازمی دەکەن


هێنانە پێشەوەی مستەفا كازمی لەلایەن زۆرینەی شیعەكان، لە كاتێكدایە لە 16ـی مانگی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمی عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت راسپارد.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا زورفی لە 16 خاڵدا كارنامەی حكوومەتەكەی ئاشكرا كرد، ئاماژەی بەوەش كرد لە ماوەی نزیكی داهاتوودا كابینەی حكوومەتەكەی دەباتە پەرلەمان.

گۆڕانكارییەكانی ناو ماڵی شیعە زۆر خێرا بوو، هەندێك لە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار داوای لە زورفی كردووە كە پاشەكشە بكات و كابینەی حكوومەتەكەی نەباتە پەرلەمان، بەوەی لیستەكانی پەرلەمان پشتگیری ناكەن.

تا ئێستە زورفی لەسەر ئەو پرسە هیچ لێدوانێكی فەرمی نەداوە كە پاشەكشە دەكات یان سەركێشی و كابینەی حكوومەتەكەیشی دەباتە پەرلەمان.





وشە - فه‌رمان سادق