تەواوی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی كۆرۆناوە كەرەنتینە كراوە

:: PM:07:54:08/04/2020 ‌

سەركردەیەكی ئەنەكەسە ئاماژە دەكات كە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڕێوەبەریی رۆژئاوای كوردستان قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە و تەواوی ناوچەكە كەرەنتین كراوە، هاوكات خەڵك لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین، چونكە كار نەماوە و هاوكاریش ناكرێن، لەوكاتەی دەسەڵاتداران دەڵێن، هیچ حاڵەتێكی تووشبوون تۆمار نەكراوە.
رۆژئاوای كوردستان پێویستی بە خۆراك و یارمەتی پزیشكییە
د كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بۆ "وشە" گوتی، لە رۆژئاوای كوردستان، هەموو شارەكان كەرنتین كراون و قەدەغەی هاتوچۆیش بە تەواوی راگەیندراوە، رێگە بەهیچ كەسێكیش نادرێت هاتوچۆ بكات و هیچ زانیاری نادەن و هاوكاری هیچ كەسێكیش ناكرێت، باس لەوەیش دەكەن كە توانای هاوكاریكردنی خەڵكیان نییە.

زیاتر گوتی، ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان، پشكنین بۆ هیچ كەسێك ناكات و باس لەوە دەكات كە تا ئێستە حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار نەكراوە، بۆیە ئەگەر خەمێك لەو ناوچەیە نەخورێت و ئەو نەخۆشییە بڵاو بێتەوە، كارەسات روودەدات، دواتر پێویستە هاوكاری رۆژئاوای كوردستان بكرێت، چونكە رەنگە خەڵك تا ماوەیەكی دیاریكراو بتوانن خۆیان راگرن و خۆراكیان لە ماڵ نامینێت.

ئازیزی روونی كردەوە، تەنیا هەندێك وڵات هاوكارییەكی كەمی تەندروستیان بۆ رۆژئاوای كوردستان رەوانە كردووە و هیچ هاوكارییەكی خۆراكی بۆ رۆژئاوای كوردستان رەوانە نەكراوە، بۆیە خەڵكەكە دۆخی ئابووری خراپە و پێویستیان بە هاوكاری هەیە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل