وردەكاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشكرا دەكرێت

:: PM:09:20:09/04/2020 ‌

دوای ئەوەی وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێك و دەرەوەیشی لە بەرهەمهێنەرانی نەوت، لەسەر دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت بە مەبەستی سەقامگیركردنی نرخی نەوت رێككەوتن و بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە كۆ ببنەوە، سەرچاوەیەك لە رێكخراوی ئۆپێك چەند وردەكارییەكی كەمكردنەوەكە ئاشكرا دەكات.
كەمكردنەوەكە دەكەوێتە مانگەكانی ئایار و حوزەیران
وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، ئەم سەرچاوەیە دەڵێت، هاوپەیمانی رێكخراوی ئۆپێك و وڵاتانی تری بەرهەمهێن، بڕیاریان داوە كە 15 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە، كە 10 ملیۆنی لەلایەن وڵاتانی ئۆپێكە و تا پێنج ملیۆنیش لەلایەن وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوەكە دەبێت. 

وەك سەرچاوەكە ئاماژە كرد كە ئەو كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانە دەكەوێتە مانگەكانی ئایار و حوزەیرانی داهاتوو، لەوكاتەی دوو سەرچاوەیتر دووپاتیان كردەوە، ئەوان تاوتوێی ئەوە دەكەن كەمكردنەوەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ بێت، ئەوەیش بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی نرخ لە بازاڕی وزە لە دنیا.

بڕیارە هەریەك لە رووسیا و سعوودیە 23%ی بەرهەمهێنان كەم دەكەنەوە، كە دەكاتە 11 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، لەوكاتەی پێشتر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت رایان گەیاندبوو كە دەیانەوێت ئەمەریكایش بەشداری لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بكات، بەو پێیەی یەكێكە لە سێ گەورە بەرهەمهێنی نەوت لە دنیا لەپاڵ رووسیا و سعوودیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل