"وشە" لەزاری كارمەندێكی ئاسایشی پێنجوێن رووداوی گرتنی سەلیمی ئاشكرا دەكات

:: PM:05:00:11/04/2020 ‌
مستەفا سەلیمی ئەو كەسەیە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشی پێنجوێنەوە گیرا و دواتر لە رووداوێكی تەمومژاویدا رادەستی ئێران كرایەوە و بەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی سەقز لە سێدارە درا.

"وشە" چیرۆكی گرتنی و ناوی ئەو كەسە بڵاو دەكاتەوە كە لە پێجوێن سەرپەرشتیی گرتن و رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی كردووە. هاوكات وێنەی ئەو كەسەی كە كارەكەی كردووە لای "وشە" پارێزراوە.

مستەفا سەلیمی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە و بە تاوانی ئەندامێتیی ئەو حزبە، سزای گیرانی سیاسیی تاهەتایی بۆ دەردەچێت، دوای ئەوەی لە گرتووخانەی سەقز لەگەڵ 80 گیراوی تر هەڵدێن، رۆژی سێی نیسان لە رێی گوندی كەندەسووری بانە كە هاوسنووری هەرێمی كوردستانە، ئاودیوی گوندی سیاگوێزی شارەدێی گەرمكی سەر بە شارۆكەی پێنجوێن دەبێت.

ئه‌وكه‌سه‌ى سه‌لیمى راده‌ستى ئێران كردووه‌ پلەی ملازم ئەوەلی هەیە لە ئاسایشی پێنجوێن هاوكات نوێنەری لاهوور جەنگییە
یەكێك لە كارمەندانی ئاسایشی پێنجوێن كە لە نزیكەوە ئاگاداری رووداوەكەیە و لەگەڵ گرتنی مستەفا سەلیمی بەشداری كردووە بۆ "وشە" قسەی كردووە و دەڵێ‌، ئەو كەسەی سەرپەرشتی گرتن و رادەستكردنی مستەفا سەلیمی كردووە و پلەی ملازم ئەوەلی هەیە لە ئاسایشی پێنجوێن هاوكات نوێنەری لاهوور جەنگییە لە پێنجوێن و مەرزە نێودەوڵەتییەكە.

كارمەندەكەی ئاسایش دەڵێ‌، 15 كارمەندی ئاسایش بووین بە ئەمبۆڵانس چووین بەدوای مستەفا سەلیمی (نازانم كێ‌ هەواڵی دابوو)، كاتێك چووین، لەبەردەمی مزگەوتێك دانیشتبوو.

كارمەندەكەی ئاسایش كە ناوی لای "وشە" پارێزراوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات  "مرۆڤ بەزەیی پێدا دەهاتەوە، كاتێك قسەی كرد و گوتی من لە ئێرانەوە هاتووم و دەمەوێ‌ بابەتێكتان بۆ روون بكەمەوە تكا ده‌كه‌م لای‌ خۆتان زیندانم بكه‌ن یان رێگه‌م بده‌ن خۆم بكوژم ته‌نیا راده‌ستی‌ ئێرانم مه‌كه‌نه‌وه‌ ". لە درێژەی قسەكانی دەڵێ‌" لەناو ئەمبۆڵانسەكە بووین،  لە رێگا رامان گرت و خستمانە نێو مێكزەمینییەكی ئاسایش و تۆیۆتایەكیشمان لەگەڵ بوو".

هەروەها روونی دەكاتەوە كە "ئ. ل" نوێنەرەكەی لاهوور تەلەفۆنی بۆ كردین كە بیبەینەوە بۆ بنكەی ئاسایش، چەند سەعاتێك لەوێ‌ مایەوە و دواتر دوو كەس هاتن بردیان.

كارمەندەكەی ئاسایش زانیاری ئەوەی هەیە كە ئەو دوو كەسە پێشتر هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئەو ملازم ئەوەلە هەبووە و چەند جارێكی تر هاتوچۆیان كردووە " لەگەڵ دوو كەسەكە مستەفا سەلیممان برد بۆ سنوور" لەوێوە ئەركی ئێمە كۆتایی هات.

كارمەندەكەی ئاسایشی پێنجوێن دووپات دەكاتەوە كە بەشێكی زۆر لە كارمەندەكان لەو كردەوەیە بێزار بوون و دەسەڵاتی هیچیان نەبوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو 11ی نیسان، لە گرتووخانەی ناوەندی سەقز، مستەفا سەلیمی بە فەرمانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە سێدارە درا.




وشە - تایبه‌ت