چین وەڵامی ئەمەریكا دەداتەوە: كۆرۆنا لە تاقیگەكانی ووهان دزەی نەكردووە

:: PM:03:55:16/04/2020 ‌
دوای زنجیرەیەك لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریكی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دزەكردنی لە تاقیگەیەكی ڤایرۆسی لە شاری ووهان. بەرپرسانی چین وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، ئەوە تۆمەتە و هیچ بەڵگەیەك نییە و هیچ بنەمایەكی زانستیشی نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان، چاو لیجیان گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە زاری بەڕێوەبەری گشتی  رێكخراوی تەندروستی جیهانی و ژمارەیەك پسپۆڕی پزیشكی گواستیەوە، هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت سەرەتا ڤایرۆسەكە لە تاقیگەیەكی شاری ووهان دزەی كردبێت، هەروەها هیچ بنەمایەكی زانستیش بۆ قسانە نییە.
 
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە كەمێك پێش ئێستە ئەنجامی دا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێ، باوەڕمان وایە ئەو پرسە زانستییە و پێویستە لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆڕ هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت. گوتی "پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو جەنگە سەربكەوێت، لەمەشدا چین بەردەوامە لە كۆمەككردنی وڵاتی تر".

چاو لیجیان بە توندی ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ وڵاتەكەی لە پرس شاردنەوەی زانیاری لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها بڵاوبوونەوەی لە تاقیگەیەكی شاری ووهان رەت كردەوە و گوتی، "ئەوانە راست نین، تەنانەت چین ژمارەی تووشبووانیشی وەك خۆی بڵاو كردووەتەوە و ئامارەكان دروستن".
 
وەڵامدانەوەی چین لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی باڵوێزخانەی ئەمەریكی لە پەكینی پایتەختی چین دەڵێن، ساڵی 2018 نامەیان بۆ واشنتن ناردووە لەبارەی خراپی پێوەرەكانی سەلامەتی لە تاقیگەكانی ووهان.

هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت سەرەتا ڤایرۆسەكە لە تاقیگەیەكی شاری ووهان دزەی كردبێت بدرێت


رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێكدا یەكێك لەو نامە دیپلۆماسییانەی ئاشكرا كردووە، لەوێدا بەرپرسانی ئەمەریكی لە چین دووپات لە تاقیكردنەوەكانی چین دەكەن لەسەر جۆرێك لە ڤایرۆسی شەمشەمەكوێرە كە ئێستە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراوە.

بەرپرسانی ئەمەریكی ئەو نامەیە وەك بەڵگەیەك دژ بە چین دەیناسێنن بۆ پشتڕاستكردنەوەی تۆمەتباركردنی چین لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
 



وشە - فه‌رمان سادق