كه‌رتی گه‌شتیاریی كوردستان زۆر به سه‌ختی تووشی په‌تای كۆرۆنا بووه. ئه‌و كه‌رته به ته‌واوی په‌كی كه‌وتووه و وه‌ك شاره‌زایان ده‌ڵێن، گه‌شتیاری دواكه‌رته بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌وه سه‌ر پێ. خاوه‌ن پرۆژه‌كان گوشاریان له‌سه‌ره و بۆ چاره‌یان، چاویان له ده‌می حكوومه‌ته.
ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دواكۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا بڕیاری داوه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ زه‌ره و زیانه‌كانی كه‌رتی گه‌شتیاری بكات. هه‌روه‌ها ئاماده‌كاری قۆناغی دوای نه‌مانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ن و خۆیان رێك ده‌خه‌نه‌وه.
نادر رۆستی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه به هۆی په‌ككه‌وتنی "100%"ی گه‌شتوگوزار، نزیكه‌ی 35 هه‌زار كه‌س كه له‌و كه‌رته‌دا كاریان ده‌كرد، ئێستا بێكار بوونه.
رۆستی به "وشه" ده‌ڵێ، "به ئاسانی متمانه به‌و كه‌رته دروست نابێته‌وه و ده‌بی هه‌نگاو به هه‌نگاو جووڵه‌ی تێ بكه‌وێته‌وه."
ئه‌و هۆیه‌كانی بۆ ئه‌مه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه "خه‌ڵك له‌و ماوه‌یه‌دا به هۆی بێكارییه‌وه له رووی داراییه‌وه لاواز بوونه، بێگومان ئێسته ئاماده نین پاره‌یان له گه‌شت خه‌رج بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌سته‌مه جارێ له رووی ده‌روونییه‌وه و له ترسی تووشبوونیان به كۆرۆنا، متمانه به شوێنه گه‌شتیارییه‌كان بكه‌نه‌وه".
كه‌رتی گه‌شتیاری به ته‌واوی په‌كی كه‌وتووه و به ئاسانیش هه‌ڵناستێته‌وه
زیاتر له مانگێكه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له هه‌رێمی كوردستان سه‌پێنراوه و دواجار بۆ 23ی ئه‌م مانگه‌ش درێژ كرایه‌وه. ئه‌وه له كاتێكدایه كه هه‌موو فرۆكه‌خانه و خاڵه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به رووی گه‌شتیارانی بیانی و عێراقیدا داخراوه. به‌وهۆیه‌وه زۆربه‌ی شوێنه گه‌شتیاراییه‌كان تووشی كێشه‌ی دارایی بوونه و هه‌ر بۆیه ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار "پێی باشه" حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌شێكی پاره‌ی باج ، رسوومات، كاره‌با و كرێی ئه‌و شوێنانه خۆش بێت.
نادر رۆستی گوتی، "ئێمه پێمان باشه ره‌چاوی دۆخه‌كه بكرێت و پێشنیاره‌كانمان به‌رز كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام دواجار بڕیار له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ده‌درێت."
پێشنیازه‌كان
ئێسته له شوێن و پرۆژه گه‌شتیارییه‌كان ته‌نیا ئه‌و خواردنگانه كراوه‌ن كه به شێوه‌ی دلیڤری خزمه‌تگوزارییه‌كانیان پێشكه‌ش به هاووڵاتیان ده‌كه‌ن.
لوقمان عه‌لی خاوه‌نی خواردنه‌گه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له ناو شاری هه‌ولێر و هه‌ر له سه‌ره‌تای رێنماییه‌كانی حكوومه‌ته‌وه، ده‌رگای خواردنگه‌كه‌ی داخراوه. 25 كه‌س له‌و خواردنگه‌یه كاریان ده‌كرد و ئێسته هه‌موویان بێكارن.
ئه‌و به "وشه" ده‌ڵێ، "دۆخه‌كه قورسه و له هه‌مووانه، به‌ڵام زۆر باش ده‌بێ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت رێگه بدات ئێوارانی ره‌مه‌زان خواردنگه‌كان بكرێنه‌وه. ئێمه هه‌موو رێوشوێنه ته‌ندروستییه‌كان ره‌چاو ده‌كه‌ین و ئاماده‌ین له‌بری 40 مێز كه هه‌مانه، 20 مێز دابنێین." هه‌روه‌ها داوا له حكوومه‌ت ده‌كات كه له به‌شێكی باج و رسووماتی گه‌شتیاری خۆش بێت.
داوا له حكوومه‌ت ده‌كرێ له باج و كرێی كاره‌بای شوێنه گه‌شتیارییه‌كان كارئاسانی بكات
خواردنگه‌ی لوقمان عه‌لی له‌سه‌ر شه‌قامی 60 مه‌تریی شاری هه‌ولێره، به‌ڵام شوێنه‌كه‌ی مانگانه به چوار هه‌زار دۆلار به‌كرێ گرتووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت داوای كردووه خاوه‌ن موڵكه‌كان یارمه‌تیده‌ری كرێچییه‌كانیان بن، به‌ڵام ئه‌و كرێی مانگی ئادار/مارسی داوه.
80%ی خاوه‌ن پرۆژه‌كان له كرێ دان
كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه و چێشتخانه‌كانی كوردستان – لقی هه‌ولێر، ئاشكرای ده‌كات كه نزیكه‌ی 80%ی خاوه‌ن پرۆژه‌كان، كرێچین. ئه‌وان داوای ئاسانكاری و یارمه‌تی له حكوومه‌ت و خاوه‌ن موڵكه‌كان ده‌كه‌ن.
شوكور عه‌زیز جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌كه، نایشارێته‌وه كه به هۆی پشووی وه‌زاره‌ت و شوێنه پێوه‌ندیداره‌كان به گه‌شتیاری، ئاماری وردیان له رێژه‌ی بێكاری و زیانه‌كانی ئه‌و كه‌رته له‌به‌رده‌ستدا نییه
.
ئێسته نزیكه‌ی 280 هۆتێل، 63 مۆتێل، 53 كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شتیاری و 380 خواردنگه له پارێزگای هه‌ولێر هه‌یه. هه‌شت هۆتێل به خۆبه‌خش و بێبه‌رانبه‌ر شوێنه‌كانی خۆیان داوه‌ته وه‌زاره‌ته‌ی ته‌ندروستی به مه‌به‌ستی كه‌ره‌نتینه‌كردنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی گوومانی تووشبوون به كۆرۆنایان لێ ده‌كرێت.
شوكوور عه‌زیز به "وشه" ده‌ڵێ، "داوامان له ده‌سته و وه‌زاره‌تی پێوه‌ندیدار كردووه كه به هۆی ئه‌م دۆخه‌وه، له به‌شێكی كرێ، باج و كاره‌بای شوێنه گه‌شتیارییه‌كان خۆش بن".
ئه‌و كه خۆیشی خاوه‌نی هۆتێله له هه‌ولێر، پێی وایه به هۆی "دۆخی دارایی و گومان له ئاسایشی ته‌ندروستی"، كه‌رتی گه‌شتیاریی له كوردستان، دواكه‌رته كه جووڵه‌ی تێ بكه‌وێته‌وه.
به پێی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان، تا ئێسته 337 كه‌س له‌و هه‌رێمه‌دا تووشی كۆرۆنا بوون. له‌و ژماره‌یه 244 كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه، 89 كه‌س له نه‌خۆشخانه ماون و چوار كه‌سیش گیانیان له ده‌ست داوه.
وشه / كاوه جه‌م