عێراق.. مەلاك گیانی لە دەست دا و توندوتیژی خێزانیش بەردەوامە

:: PM:08:02:18/04/2020 ‌

مەلاك حەیدەر، ئەو ژنە نەجەفییەی بەمدوایە خۆی سووتاند و بەو هۆیەوە بووە جێی گرنگیدانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقی و چیڕۆكی سووتانی بە گرنیگیدانەوە بڵاو كرایەوە، ئەو لە 13ی ئەم مانگە خۆی سووتاند، لەوكاتەی بەشێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژە دەكەن كە لەلایەن هاوسەرەكەی و كەسوكاری هاوسەرەكەی سووتێنراوە، بە گشتی ئەو 40-50%ی جەستەی سووتا و ئەمڕۆ بەهۆی ژەهراویبوونەوە لە نەخۆشخانەیەكی نەجەف گیانی سپارد.
توندوتیژی ناو خێزان روو لە زیادبوونە
د فاتن حلفی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ بە "وشە"ی راگەیاند، وەك رێكخراوی مافی مرۆڤ لە یەكەم رۆژی روودانییەوە، بەدواداچوونمان بۆ كەیسەكە كردووە و تیمێكمان لە پارێزگەی نەجەف پێكهێنا و تا دوا رۆژی تەمەنی لە نەخۆشخانە سەردانی مەلاكمان كردووە، هەروەها ئاگەداری نووسراوی لێكۆڵینەوەكانیان و وەك بەرپرسی دۆسیەی ژنان لە كۆمسیۆن، بەرپرسیارەتی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانەم خستە ئەستۆی لایەنی یاسادانان، كە دواكەوت لە دەركردنی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، كە دەكرێت ببێت پارێزبەندییەك بۆ ئەو جۆرە توندوتیژیانە كە لە ماوەی دوایی زۆر زیادی كردووە.

زیاتر گوتی، رووداوەكە بۆ راگەیاندنەكان روون بووە كە كەسوكاری قوربانییەكە هەموو شتێك و وردەكارییەكیان لە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس كردووە كە بریتی بووە لە هەوڵێكی خۆكوشتن بەهۆی ئەو توندوتیژیەی لەناو ماڵەكەی لەلایەن هاوسەر و كەسوكاری هاوسەرەكەی، دووچاری هاتووەتەوە، وەك قوربانییەكەیش پێش مردنی گوویەتی، ئەوان خاوەخاویان كردووە لە كوژراندنەوەی و بەوەیش رێژەی سووتانی زیاتر بووە، بۆیە رێژەی سووتانی بەرز بووە و دوای گواشتنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

حلفی روونی كردەوە، پرسی توندوتیژی خێزانی زۆر بڵاوە و ساڵانە هەزاران كەیستی توندوتیژیمان بەدەست دەگات، بەڵام لە راگەیاندنەكان بەو جۆرە وەك كەیسی مەلاك باس ناكرێت، كولتووری پێشكەیشكردنی سكاڵا لەو حاڵەتانە لە عێراق نییە، بەهۆی نەریت و بەها كۆمەڵایەتییەكانەوە، زیاتر لە جارێكە داوای دەركردنی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی دەكەین، تەك تەنیا دژی ژن، بەڵكو منداڵ و پیاویش، ئەوان هەموویان پێویستیان بە پاراستن لەناو خێزان هەیە.
  
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك لە تویتەر، عێراقییەكان هاشتاگی "مەلاك حەیدەر زوبێدی"یان دانا و چەندان وێنە و ڤیدیۆی ئەو ژنەیان بڵاو كردەوە، ئەوان دەڵێن، ئەو ژنەە 20 ساڵییە كە لەگەڵ هاوسەرەكەی دەژیا و كوڕی ئەفسەرێكی ناسراوی نەجەفە، ماوەی هەشت مانگە رێگەی لێ گیراوە سەردانی كەسوكاری بكات، جیا لەوەی بە شێوەیەكی زۆر توند لێی داوە، بۆیە ناچار بووە پەنا بۆ خۆسووتاندن ببات، هەندێك دەڵێن، هاوسەرەكەی بە یارمەتی كەسوكاری سووتاندوویانە و دایكی لە نەخۆشخانە لێی پرسیوە و گوتوویەتی كە هاوسەرەكەی بە بەنزین سووتاندوویەتی. 

ئەمڕۆ شەموو، فەرمانگەی تەندروستی نەجەف گیانلەدەستدانی مەلاك زوبێدی راگەیاند، ئەوەیش دوای چەند رۆژێك لە هەوڵی رزگاركردنی بە برینی سووتانەكانی لە نەخۆشخانەیەكی نەجەف، كاتێك لە نەخۆشخانەی فێركاری سەدر بەهۆی ژەهراویبوونەوە، گیانی لەدەست دا، لەوكاتەی بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە پەنای بۆ خۆسووتاندن برد و 50%ی جەستەی سووتا، لەوكاتەی هاوسەرەكەی و چەند كەسێك لە كەسوكاری بەو هۆیەوە گیراون.   
شێخ موزاحم حوێت، شێخێكی هۆزی جحێش كە مەلاك حەسەن، لەو هۆزەیە، لەبارەی رووداوەكەوە بۆ "وشە" دەڵێت، مەلاك حەیدەر حەسەن زوبێدی، خەڵكی نەجەفە و ئەو هاوسەرگیری كردووە و هۆكاری سەرەكیی رووداوەكە ئەو توندوتیژییە بووە كە لەلایەن هاوسەرەكەی و ماڵباتی هاوسەرەكەی رووبەڕووی هاتووەتەوە، ئەوان سووكایەتیان پێ كردووە و جوێن و قسەی ناشیرینیان پێی داوە، دواترین رەفتاری توندوتیژی لەگەڵ رێگرتن بووە لەوەی سەردانی كەسوكاری بكات، دوای ئەوە رووداوەكە رووی دا.

زیاتر گوتی، هۆكاری سەرەكیی ئەو رووداوە كەلەكەبوونی مامەڵەی توندوتیژی و هەستكردن بە سووكایەتی لەلایەن ئەو ژنەوە بووە، هەموو رەفتارێكی توندوتیژیان لەبەرانبەر پێڕەو كردووە، ئەوەیش وایان كردووە كە دۆخی دەروونی تێكبچێت و گەیشتە ئەو ئاستەی مردنی پێی باشتربێت لە مانەوەی لەو ژیانەی تیایدا بووە، بۆیە بڕیاری مردنی دا و خۆی سووتاند.

جحێشی روونی كردەوە، مەلاك تەمەنی 20 ساڵ بوو لە خێزانێكی ناسراوی نەجەفە، ئەمڕۆ پرسی ئەو ژنە بووەتە پرسێكی مرۆیی و پێویستە هۆكارانی ئەو تاوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان رۆڵی خۆیان ببینن، لێكۆڵینەوە بەردەوامە و هاوسەر و براكان و باوكی هاوسەری گیراون، ئەوان لە تیرەی مەیاحین، بۆیە ئەگەر سوڵح نەكرێت، رەنگە رووبەڕووبوونەوە دوو هۆزەكە رووبدات. 
 
رۆژێك دوای رووداوەكەی مەلاك، لیژنەی ژن و منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە بەیاننامەیەكی دەركرد و داوای لە هەرسێ دەسەڵاتی عێراق كرد كە پەلە لە دەركردنی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی بكرێت، بۆ پاراستنی ژنان و رێگرتن لەو توندوتیژیەی تووشی دەبنەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل