ناوەندە پزیشكییەكان دەكرێنەوە

:: PM:04:20:20/04/2020 ‌
ئەنجوومەنەكان و سەندیكای تایبەت بە ددان، داوای كردنەوەی ناوەندە پزیشكییەكانیان دەكەن و بەرپرسانی تەندروستیش بەڵێنی كردنەوەی ناوەندە پزیشكییەكان دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی نیسان، بەهێز حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندە پزیشكییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەرجەم شار و شارۆكەكاندا داوای كردنەوەی نۆڕینگەكانی ددان و سەنتەرەكانمان كردووە.

لە سەرجەم شار و شارۆكەكاندا داوای كردنەوەی نۆڕینگەكانی ددان و سەنتەرەكانمان كردووە 
ڕوونی كردەوە، ئەنجوومەنی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری كاروباری هونەری، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی تەندروستی هەولێر و بەرپرسی هۆبەی پزیشكی ددان لە فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، بۆ ئەو مەبەستە كۆ بوونەتەوە.

باسی لەوەش كرد، ڕەوشی ئێستەی پزیشكی ددان و خزمەتگوزاری پزیشكیی ددان بۆ هاووڵاتییان تاوتوێ كران، پێشنیاری تایبەت بە كردنەوەی نۆڕینگەكانی پزیشكی ددان كراوە.

لەبارەی وەڵامی بەرپرسانی تەندروستی هەولێر گوتی، ئەو داواكارییە و كۆبوونەوانە بۆ تەندروستی زۆربەی شارەكان كراوە، پێیان ڕاگەیاندووین كە پلانێك دادەڕێژن و لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا نۆڕینگەكانی پزیشكی ددان پاڵپشت بە ڕێنوێنییەكان و ڕێكارە نوێیەكان دەكرێنەوە.

ماوەی 41 ڕۆژە سەرجەم نۆڕینگە پزیشكییەكان لە هەرێمی كوردستان داخراون بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.



وشە - رامیار جەواد