ئەنجوومەنی پزیشكانی خولاو: ئاگەداری خۆپیشاندانەکان نین

:: PM:01:29:30/04/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پزیشكانی خولاو دەڵێ، ماوەی دوو ڕۆژە سەندیكای پزیشكان بەكار دەهێنرێت بۆ مەرامی سیاسی و خۆپێشاندان دەكرێت بەناوی سەندیكا، لە كاتێكدا ئێمە ئاگەداری نین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی نیسان، زانا هۆشیار ئەندامی ئەنجوومەنی پزیشكانی خولاو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە خۆپێشاندان دەكرێ بەناوی پێنج بۆ شەش سەندیكای تایبەت بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی، لە كاتێكدا ئێمە ئاگەدار نین.

لە بەرپرسی یەكەمی ئەنجوومەن تا كۆتا ئەندامی ئەنجوومەن كەسمان ئاگەدار نین 
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پزیشكانی خولاو گوتی، بەیاننامە بەناوی ئێمە دەركراوە، لە بەرپرسی یەكەمی ئەنجوومەن تا كۆتا ئەندامی ئەنجوومەن كەسمان ئاگەدار نین، بۆیە وا هەست دەكەین ئەو ناوانە بەكار دەهێنرێن بە مەرامی سیاسی.

ڕوونی كردەوە، ئەو بەیاننامانەی دەردەچن بەناوی ئەنجوومەنەكانی سەندیكاكانی پزیشكان، بەهیچ شێوەیەك پێناسەی ئێمە ناكەن و ڕێكاری یاسایش دەگرینەبەر بەرانبەر ئەو كەسانەی بەبێ‌ ئاگەداری ئێمە ناومان دێنن.

ئەمڕۆ لە سلێمانی بەناوی شەش سەندیكا بەیاننامەیەك بڵاو كرایەوە كە بایكۆتی دەوامیان كردووە، لە كاتێكدا بەشێكی زۆری سەندیكاكان ئاگەداری ئەو بابەتانە نین و لەلایەن كەسێك چەند كەسێكەوە ئامادە كراون.




وشە - رامیار جەواد