هانابردن بۆ دراوی یەدەگ زیان بە ئابووریی عیراق دەگەیەنیت

:: PM:04:38:02/05/2020 ‌

عیراق لە دابینکردنی خەرجییەکان پشت بە نەوت دەبەستیت و دابەزینی نرخی نەوت زیاتر لە وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت زیانی بە عێراق گەیاندووە و ئەوەی پەیدای کردووە، نیوە مووچەی فەرمانبەرانی عێراقیشی پێ دابین ناکرێت، بۆیە هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی هانا بۆ قەرزی نێودەوڵەتیی ببات یان سوود لە زیڕ و دراوی یەدەگ وەربگریت کە ‌ئەویش بە ڕای ئابووریناسان بە هەنگاویکی مەترسیدار بۆ سەر عیراق دەشکێتەوە.

سەرووی 90%ی داهاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستیت وهەرچەندە عیراق بەرزترین قەبارەی نەوتی هەناردە کردووە و لە بەرزترین ئاستی میژوویی دایە بەڵام کاتیک بەرهەمەکە پارە نەکات هەر چەندە زۆریش بفرۆشیت فریای خەرجییەکانی ناکەویت.
هەر بەرمیليک لە نەوتی عيراق بە 13 دۆلار فرۆشراوە.

دوایین ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو راستییە باشتر دەردەخات و دەرکەوتووە لە مانگی نیساندا هەر بەرمیلیک لە نەوتی عیراق بە 13 دۆلار فرۆشراوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی نەوتی عیراق کە دوینێ بڵاو کرایەوە ئەو وڵاتە لە مانگی چواری ئەمساڵدا 103 ملیۆن و 144 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردوە و داهاتیشی یەك ملیار و 423 ملیۆن دۆلار بووە. تێکڕای نرخی هەر بەرمیلیک لە نەوتی عێراق لەم مانگەدا بریتی بوە لە 13 دۆلار و 80 سەنت  لە کاتێکدا تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە مانگی ئاداردا سەرووی 28 دۆلار بووە.

لە مانگی ئاداردا عیراق بەبڕی نزیكەی سێ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشت و ئەوەش دەری دەخات داهاتی نەوتی وڵاتەكە لە مانگی رابردو بەراورد بە مانگی پێشووتر بۆ نیوە کەمی کردووە.  

بە گشتی ئەوەی عیراق پەیدای دەکات بەشی خەرجییەکانی ناکات و بۆیەش چەند هەنگاویکی لەبەردەمە بۆ ئەوی بتوانیت دۆخەکە تێپەڕینێت. یەکەم هەنگاو بریتییە لە پاشەکەوتکردنی مووچە هاوشیوەی هەریمی کوردستان کە لەوانەیە بۆ عیراق بژاردەیەکی قورس بێت و لە دۆخیکدا نییە بتوانێت ئەم بڕیارە بدات چونکە لە لایەک بەرگەی تووڕەیی خۆپیشاندەران ناگریت و لە لایەکی تر مکانیزمی تری بەردەستە کە دەتوانیت بۆ هۆیانەوە بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بیت.

مانگی رابردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق رای گەیاند، بۆ پێدانی مووچە پێویستیان بە 70 تریلیۆن دینارە، بەڵام ئێستە داهاتی نەوت ناگاتە 30 تریلیۆن دینار. وەزارەتەکە باسی لەوەش کردبوو بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن و بەسەر ئەو تەنگژەیەدا زاڵ بن، پەنا بۆ قەرزی ناوخۆ و دەرەکی دەبەن.

ئەو دوو ریگەچارەیەی ئەو وەزارەتەش ئاماژەی پێ کردووە دەکرێ باشترین رێگە چارەبیت بۆ تێپەراندنی دۆخەکە و بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە بانکی نێەودەڵەتیی و بانکی تری جیهانیی پارە قەرز بکات هەر وەک چۆن لە رابردوودا چەندان جار قەرزی کردووە. لەبارەی قەرزی ناوخۆ لەوانەیە ئەمەش لە عیراق هەندیک قورس بێت چونکە کەم وەبەرهینەر هەیە بتوانێت ئەو پارە زۆرە بۆ حکوومەتی عێراق دابین بکات.

سەرچاوەیەکی تر کە حکوومەتی عیراق دەتوانیت هانای بۆ ببات سوودوەرگرتنە لەو پارە یەدەگەی لە بانکی ناوەندیی عێراق پارێزراوە و بڕەکەی سەرووی 60 ملیار دۆلار دەبێت. بەڵام ئەو پارەیەش بە ڕای ئابووریناسان ناکرێ دەستی بۆ ببردرێت.
قەبارەکەی ئەوەندە زۆر نییە بتوانێ مووچەی پێ دابین بکات

دکتور ئەرشەد تەها بۆ "وشە" پێی وایە ئەم بژاردەیە بۆ عێراق دەست نادات و قەبارەکەی ئەوەندە زۆر نییە بتوانێ مووچەی پێ دابین بکات و هەمووی بەشی ساڵێکی مووچە ناکات ئەدی ئەگەر دۆخەکە بۆ ساڵێک درێژە بکێشیت و ئەو پارە یەدەگە تەواو بێت چی دەکرێ کە لەو کاتەدا زیانی گەورەتر بە عێراق دەگات و پارەکەشی نرخی نامێیت و ناتوانێت پاڵپشتیی دراوەکەی بکات.

وەک ئەو ئابووریناسە دەیخاتەڕوو بانکی ناوەندیی عێراق دەبێ رۆژانە 250  ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتی دینار بڕژینێتە بازاڕەکان و بانکەکان ئەگەرنا دینار دادەبەزیت و لە کاتی دابەزینی دیناریش هەڵاوسانی ئابووری و کۆمەڵیک کێشەی تر دێتە کایەوە.
چاوەڕوان دەکرێ لە مانگی ئایاریشدا ‌حکوومەتی عێراق نەتوانێت بە داهاتی نەوت مووچەکەی پێ دابین بکرێ

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە کە دەتوانێت دۆخەکە هێمن بکاتەوە و عیراق لە کاریگەرییە خراپەکانی ئابووری رزگار بکات. چاوەڕوان دەکرێ لە مانگی ئایاریشدا ‌حکوومەتی عێراق نەتوانێت بە داهاتی نەوت مووچەکەی پێ دابین بکرێ بەڵام ئەگەر لە مانگەکانی داهاتوودا نرخی نەوت بۆ سەرووی 40 دۆلار بەرز ببێتەوە لە دابینکردنی مووچە کێشەی نامێنێت هەرچەندە لە کۆی بودجەدا تووشی کورتهێنان دەبێت.

پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بکرێ لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، كە عیراقی تووشی كەمبونەوەی بەرچاوی داهات كردوە، رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك پڵەس-یش عیراقی پابەندكردوە، كە لەسەرەتای ئەم مانگەوە بە رێژەی 23% بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی كەم بكاتەوە، بەوەش داهاتی نەوتی وڵاتەكە زیاتر كەم دەبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر نرخی نەوت بەرزبونەوە بەخۆیەوە نەبینێت.





وشە - سلێمان تاشان