بۆشایی تەناهی نێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە سەرچاوەی مەترسییەكانی داعشە

:: PM:05:52:03/05/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە ئاشكرا لە چەند ناوچەیەكی عێراق و لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دەستیان بە هێرش و كردە تیرۆریستییەكان كردووەتەوە، بە شێوەیەك بوونەتە مایەی مەترسیی راستەقینە و زیانی گەورەی گیانیان بەو ناوچانە گەیاندووە، جێگری سەرۆكی دەستەی ئەركان و ئۆپراسینەكانی پێشمەرگە، پارێزراوی هەرێمی كوردستانی دووپات دەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە زەحمەتە داعش بتوانن شوێن داگیر بكات.
داعش مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام پێویستە پێشمەرگە وریا بێت
رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە حوزەیرانی 2014 هێرشی فرەوانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی عێراق دەست پێ كرد و توانی لە ماوەیەكی كەم، چەند شاری گەورەی عێراق وەك مووسڵ و تكریت و رومادی و هیتریش داگیر بكات، زیانی گەورەی بەو ناوچانە گەیاند و خەڵكێكی زۆری كوشت، لە ناوەڕاستی 2015 جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئازادكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی دەستی پێ كرد و لە 2017 سەركەوتن بەسەر رێكخراوەكە لە عێراق هاتە راگەیاندن.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆكی دەستەی ئەركان و ئۆپراسینەكانی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، كێشەی داعش لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت، تا ئەوكاتەی ئەو بۆشاییە گەورە تەناهییەی نێوان ئەو دوو هێزە بمێنێت، داعش روو لە زیادبوون دەكات و چالاكییەكانی زیاتر ئەنجام دەدات، خۆی رێكدەخاتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی خانەقین و دیالە چیای حەمرین تا باشووری كەركووك، ئەوە ناوچەیەكی فراونە و داعش بە ئارەزووی خۆی جموجۆڵی تیادا دەكات.

زیاتر گوتی، ئەو دوو لیژنە سەرەكییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق دروست كرا، یەكەم هەنگاو ئەوە بوو كە چارەسەری ئەو بۆشایانە بكرێت، بەڵام بەداخەوە لە پارەوە تا ئێستە هیچ دانیشتنێك نەكراوە لە نێوانیاندا، كەمتەرخەمییەكەیش لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، چونكە وەزارەتی پێشمەرگە بەنامە ئاگەداری وەزارەتی بەرگری عێراقی كرد بۆ ئەوەی ئەم لیژنانە بەردەوام بن و یەكەم هەنگاو ئەو بۆشایانە نەمێنن.

وەك شارەزایان ئاماژە دەكەن، هۆكارەكانی دەركەوتنەوەی هێرشەكانی داعش لە عێراق كۆتاییان نایەت، ئەگەرچی شوێن و هێز و سەرچاوەی هاتن و چوون و جۆری چەك و قەبارەی تواناكانیان دیارن و بە بەردەوام هێزە تەناهییەكانی عێراق ئۆپراسیۆنی سەربازیان لە دژی ئەنجام دەدەن، تا رادەی هەندێك لە چاودێران گومانیان لە توانا یان ویستی هێزە تەناهییەكانی عێراق هەیە. بەوەی بەراستی دەیانەوێت داعش لەناو ببەن. 

شێخ كەمال روونی كردەوە، وەزارەتی بەرگری عێراق لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كۆ نەبووەوە، دوای ئەنجامدانی دوو سەردانی وەزیری پێشمەرگە، دووپاتی لەوە كردەوە كە كاری لیژنەكە بەردەوام بێت بۆ دەستكردنەوەی بە گفتوگۆ بۆ دروستبوونەوەی هاوئاهەنگی بۆ چارەسەركردنی بۆشاییە تەناهییەكان، بەڵام تا ئێستە ئەو لیژنەیە نەگەڕایەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە یان بانگهێشتنیان نەكرد بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق، بۆ كۆبوونەوە.

"هەفتەی رابردوو لە راگەیاندنەكان باس لەوە كرا كە وەزارەتی بەرگری عێراق لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر یارەڵا، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان سەردانی هەولێر بكات بۆ دووبارە دانیشتن و گفتوگۆكردن لەو بارەوە، ئومێدەوارین ئەو لیژنەیە بە زووترین كات بگات، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە گەورەیە، چونكە تا ئەو بۆشاییە هەبێت، داعش روو لە گەشەسەندنە و چالاكییەكانی زیاد دەكات"، لیوا قارەمان شێخ كەمال وای گوت.

 روونی كردەوە، هێزی پێشمەرگەی ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك بچێتە پێشەوە و خۆی ئەو بۆشایانە چارەسەر بكات، چونكە دەبێت بە هاوئاهەنگی هەردوولا و هاوپەیمانان بێت، داعشیش بە تێكڕا لە ناو سنووری هێزی پێشمەرگە نین، بەڵكو لە ناو سنووری هێزە عێراقییەكانن، ئەو چالاكیانەیشی بەرانبەر هێزی پێشمەرگە ئەنجامی دەدەن، لەناو دەسەڵاتی هێزەكانی حكوومەتی عێراقییەوە دێن و چالاكییەكان ئەنجام دەدەن و بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنەوە، كەچی سوپای عێراقی لەو شوێنانە هێزی پێویستی نییە و داعش بە ئارەزووی خۆی ئەو چالاكییانە ئەنجام دەدات. 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لەبارەی قەبارەی مەترسیداری داعش ئاخۆ توانای گرتنی خاك و ناوچەی هەیە و ئاخۆ مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات، گوتی، پێم وا نییە داعش بتوانێت وەك جاران شار و ناوچەكان داگیر بكات و تیایاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو هێرشانەی ئێستەی داعش، تەنیا شەڕی پارتیزانییە بەرانبەر هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەیش دەكات، پێم وا نییە مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەبێت، بەڵام مەترسی بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە دەبێت، چونكە وەك گوتمان داعش لەناو هێزەكانی عێراقییەوە دێت و چالاكییەكانی ئەنجام دەدات، بۆیە پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە وریا بن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل