كاكەییەكان لەو لایەنانە تووڕەن كە هێرش دەكەنە پێكهاته‌ نه‌تەوه‌یی و ئاینییه‌كان

:: AM:10:57:11/05/2020 ‌

لە پاش لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و نزیك لە لاهوور جەنگی، كۆمەڵ و یەكێتی هەڵمەتێكی توندی چەواشەكارییان دەست پێ كردووە بۆ سەر نوێنەرانی كەمە نەتەوە و ئاینەكان و داوا دەكەن ڕێژەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان كەم بكرێنەوە، كاكەییەكانی هەڵەبجەش ئەم هێرشە‌ بەمەترسی لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانە دەزانن.

زینۆ كاكەیی چاودێری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاكەییەكانی پارێزگای هەڵەبجە كە دانیشتووی هەرسێ گوندەكانی هاوار ، هەوارەكۆن، دەرەتفێ، مێژوویەكی قووڵ و ڕەگوڕیشەیەكی كۆنی ئاینی و كولتووری كوردییان هەیە، لە ناوچەكەدا لەگەڵ گوندە هاوسنوورەكان كە مسوڵمان بوون، بەخۆشی  ژیاون و لە مێژوودا هیچ گرژی و ناخۆشییەك لە نێوانیاندا نەبووە، لە شۆڕشەكانی كورد ڕۆڵی گرنگیان هەبووە و گوندەكانیان بارەگای سەرەكی پێشمەرگە بوون، پاش ڕاپەڕینی گەلی كورد، كاكەییەكان بەهەموو شێوەیەك بەرگرییان لە ئەزموونی حكوومەت كرد و ئەم دەسكەوتە بەهی خۆیان دەزانن و چەندان پۆستی باڵای حكوومیشیان لابووە.

تا ئەو پشت و پەنامان بێت، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ لێكمان جیا بكاتەوە
ئەو روونی كردەوە، هەندێك لایەن بەهۆی بیرتەسكی حزبایەتی هەرجارە و بەبیانوویەك پەلاماری كەمایەتییەكان دەدەن و بە داردەستی حزبێكیان ناو دەبەن، بۆیەش دەڵێت "ئێمە وەك كاكەییەكان ئەوە ڕەت دەكەینەوە و ئەم خاك و نیشتمان و نەتەوەیە بە هی خۆمان دەزانین، لە هیچ كەس و لایەنێكی قبووڵ ناكەین بە میوان و داردەست ناومان بەرن، خۆشبەختانە سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا پشتیوانی و پشتگیریی خۆی بۆ تەواوی پێكهاتەكان دەربڕی وەك نەریتێكی هەمیشەیی بەڕێزیان، ئێمە سوپاسی هەستی بەڕێزیان دەكەین و تا ئەو پشت و پەنامان بێت، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ لێكمان جیا بكاتەوە، چونكە هەمووان یەك ئامانجمان هەیە كە ئەویش خزمەتكردنە بەدۆزی ڕەوای گەلەكەمان و هێنانەدی ئامانجە هاوبەشەكانمان".

زینۆ كاكەیی داواشی لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە كرد چیتر ڕێ نەدەن هیچ لایەنێك تەشهیر بە كەمایەتییەكان بكات، بەیاسا ئەمە چاك بكرێ، چونكە مێژوو ئەوەی سەلماندووە كە كوردستان لانكەی پێكەوەژیانە.

هاوكات دنیا جەبار پێڕەوی ئاینیی كاكەیی و چالاكی كۆمەڵگای مەدەنی لە پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی وڵاتانی دنیا بە شوێنی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئاینەكان ناسراوە، بۆیە پێویستە پارێزگاری لەو پێكەوەژیانە بكرێ و هیچ هێز و لایەنێك بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبی خۆی بیر لەوە نەكاتەوە ئەم پێكەوەژیان و هەڵكردنە نموونەییە درزی تێبكەویت.
پێویستە ئەو هێرشە ناڕەوایە ڕابگیرێت.

ئەو پێی وایە نابێت هیچ كەسێك ڕێ بەخۆی بدات باس لە سەنگ و قورسایی كەمە نەتەوە و ئاینەكانی كوردستان بكات، بیەوێ مافەكانیان پێشێل بكات و گوێ لە داوا و بیروڕاكانیان نەگیرێت و ئەو هەنگاوە سیاسییانەی خۆیان مەبەستیانە بگرنەبەر، جگەلەمە پێویستە ئەو هێرشە ناڕەوایە ڕابگیرێت.

 داواشی كرد، وەك چۆن لە پارێزگای هەڵەبجە ئێستە كۆتای ئەندامیی ئەنجوومەنی پارێزگایان بۆ كاكەییەكان دیاری كردووە، ئەوە لە پەرلەمانی كوردستانیش كورسیی كۆتا بۆ كاكەییەكان دیاری بكرێت، لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی كوردستان نوێنەری كاكەییەكانیش بوونی هەبێت.

زیاتر خستیەڕوو، هەمیشە كەمە نەتەوە و ئاینەكان لە كوردستان سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەن كە پشتگیر و پشتیوانیان بووە، تەواوی ماف و ئازادی ئاینی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەكانی بۆ فەراهەم كردوون.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - سلێمان تاشان