بازرگانیی نێوان کورد و چین بە ئۆنلاین دەستی پێ کردەوە

:: AM:11:10:12/05/2020 ‌
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بازرگانانی هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری ئەو كەلوپەلانەی ئێستە بۆ هەرێمی كوردستان دەیانهێنن، لە ڕێی ئۆنلاین داوای دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئایار، هۆشمەند بەكر بازرگانی هێنانی كەلوپەلی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشتر بۆ كڕینی پێداویستییەكانی خۆمان، گەشتی وڵاتانی چین، سەنگاپوور و مالیزیامان دەكرد، بەڵام ئێستە ئەو گەشتانە نەماون.

بە گەیشتنی كەلوپەلەكان، پارەكە بۆ سەر هەژماری بانكی ئەو شوێنە دەگوازرێتەوە 
ئەو بازرگانە گوتی، ئێستە لە ڕێی ئەلیكترۆنی هەمان ئەو شوێنانەی مامەڵەمان لەگەڵیان دەكرد، مامەڵەكە ڕێكدەخەین و كەلوپەلیان لێ‌ دەكڕین، بە گەیشتنی كەلوپەلەكان، پارەكە بۆ سەر هەژماری بانكی ئەو شوێنە دەگوازرێتەوە.

گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێر یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەستانی بەشێكی زۆری چالاكییەكان، چاوەكان زیاتر  لەسەر هێنانی كەلوپەلی خۆراك و پزیشكی بوون.

سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و ناردنكاران گوتی، ئێستە هاوردەكردنی سەرجەم جۆرەكانی كەلوپەل هەیە، بازرگانان رۆژانە كەلوپەلەكان بۆ كارەكانیان دەگوازنەوە بەپێی ئەو مامەڵەیەی ڕێكیان خستووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان، بەشی زۆری مامەڵە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان وەستا.



وشە - رامیار جەواد