بەرپرسێكی بزووتنەوە: ناكرێ‌ حزبێك بەشداریی حكوومەت بێت و كێشەش دروست بكەن

:: PM:08:46:12/05/2020 ‌
بەرپرسێكی بزووتنەوەی ئیسلامی رای دەگەیەنێت، ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەشداربوو لە حكوومەت كاریگەری خراپی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە و دەبێت ئەو ناكۆكییانە نەهێڵدرێ‌.

ماوەیەكە بە بیانووی جۆراوجۆر یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوتووەتە كێشە دروست كردن بۆ كوردستان و لەلایەن تاقمێكی ناو ئەو حزبەوە هەوڵی تێكدانی دۆخی كوردستان دەدرێ‌.

خەڵك لەناكۆكی نێوان حزبە بەشدارەكانی حكوومەت زەرەر دەكات
عەبدوڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر حزبێك ئازادە لەوەی بەرنامە و پلانەكانی خۆی جێبەجی بكات لەگەڵ هەر لایەنێك بیەوێت كۆببێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ هەست دەكرێت لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەو هێزانەی بەشدارن لە حكوومەت جۆرێك لە ناكۆكی و ململانێ كەوتووەتە نێوانیان، ئەوەش لە بەرژەوەندی دۆخەكە و پڕۆسەی حوكمڕانیدا نییە لە كوردستان.

روونیشی كردەوە، خەڵك لەناكۆكی نێوان حزبە بەشدارەكانی حكوومەت زەرەر دەكات و گفتوگۆیش باشترین بژارەی چارەسەری كێشەكانە هەروەك ناكرێ‌ حزبێك بەشداری حكوومەت بێ و كێشە دروست بكات.

ئەو بەرپرسیەی بزووتنەوەی داوایشی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد لە پێناو دۆخی كوردستاندا هەرچی زووە كۆببنەوە و چارەسەری كێشەكانی نێوانیان بكەن.

 سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - سه‌رخێڵ هاشم