یەکێتی تەنیا بۆ بەرژەوەنديی خۆی لە گۆڕان نزیک دەبێتەوە

:: PM:10:23:14/05/2020 ‌

لەماوەی ڕابردوودا یەکێتيی نیشتمانيی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دوو کۆ بوونەوەیان ئەنجامداوە، کە لە هیچ کامیاندا باس لە پێدانی پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان نەکراوە لە حکوومەتی خۆجێیی، بە گوتەی بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕانیش، ئەگەر لامەرکەزی ببێتە هۆی دوو ئیدارەیی باشترە گۆڕان بکشێتەوە. 

خەلیل سەرکانی ئەندامی جڤاتی گشتيی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان دوو کۆ بوونەوەیان ئەنجام داوە، یەکێکیان بۆ پیرۆزبایی کردن بوو لەلایەن گۆڕانەوە لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ.

زیاتر گوتی، کۆبوونەوەی دووەم باسی لامەرکەزی کراوە، لە هیچ کام لەو کۆبوونەوانەدا باسی پێدانی ئەو پۆستانە نەکراوە بە بزووتنەوەی گۆڕان کە قایمقامی هەڵەبجە و سەرپەشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و کۆمەڵێک پۆستی ترن.

روونیشی کردەوە، کاتی خۆی قوباد تاڵەبانی، لە بارەی پێنەدانی ئەو پۆستانەوە بە بەرپرسانی گۆڕانی گوتبوو کە مەکتەبی سیاسی ڕازی نییە بە ڕادەستکردنی ئەو پۆستانە.

بابەتی لامەرکەزی دەبێت بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنەکان بێت

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان، بابەتی لامەرکەزی دەبێت بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنەکان بێت، چونکە ئەگەر ئەو پرسە ببێتە هۆی دوو ئیدارەیی باشترە بزووتنەوەی گۆڕان لێی بێتە دەرەوە.

خەلیل سەرکانی لە بارەی کۆنگرەی یەکێتییەوە بۆ "وشە" گوتی، کۆنگرەی یەکێتی بەبێ کێشە نەبوو، ئەوەتا زۆربەی سەرکردە کۆنەکان فەرامۆشکراون و هیچ پۆستێکی گرنگیان پێ نەدراوە، بۆیە ئەوانەیش نیگەرانن لەم سەرکردایەتییە نوێیە.

بە ڕای چاودێران، یەکێتی تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ لایەنەکان نزیک دەبێتەوە و سەردانیان دەکات، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان کە پێشتر ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵدا کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی، بەڵام هێشتا چەند پۆستێکی ڕادەست گۆڕان نەکردووە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان