پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری له‌ چیای سه‌فین ده‌كرێته‌وه‌

:: AM:10:04:21/05/2020 ‌
دوای ته‌واوبوونی كه‌ره‌نتین و ئاساییبوونه‌وه‌ی ژیان، بڕیاره‌ له‌ چیای سه‌فینی سەر بە پارێزگای هه‌ولێر، پڕۆژه‌یه‌كی ناوازه‌ و جیاوازی گه‌شتیاری بۆ ناوچه‌كه‌ بكرێته‌وه‌.

تا ئێسته‌ ته‌نیا تێست كراوه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 21ی ئایار، محه‌مه‌د سلێمان سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كه‌ به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، "یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ی ماتۆڕسكیل دوای كردنه‌وه‌ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌ بناری چیای سه‌فین - شه‌قڵاوه‌ به‌ فه‌رمی ده‌كرێته‌وه‌".

زیاتر گوتی، "پڕۆژه‌كه‌ به‌ناوی ATBT SAFARI KURDISTAN  یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ی ماتۆڕسكێله‌، هه‌ر كاتێك بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ درا شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان بكرێنه‌وه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ فه‌رمی ده‌كرێته‌وه‌، تا ئێسته‌ ته‌نیا تێست كراوه‌ و به‌ فه‌رمی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ له‌ بناری چیای سه‌فین جێبه‌جێ ده‌كرێت".

ڕوونی كرده‌وه‌، "ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ی ماتۆڕسكیله‌  له‌ عێراق و كوردستان و له‌ بناری چیای سه‌فین جێبه‌جێ كراوه‌، به‌شداران تێیدا به‌شێوه‌ی گرووپ و ماوه‌ی حه‌وت كم، ڕێی نشێو و زوورگ ده‌بڕن، سوپاسی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تی گه‌شتوگوزاری شه‌قڵاوه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌ستخۆشییان لێ كردین به‌ دروستكردنی ئه‌م  پڕۆژه‌یه‌،  به‌تایبه‌ت یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ كوردستان پڕۆژه‌یه‌ك به‌م شێوه‌ دابنرێت".

پڕۆژه‌ی ماتۆڕسكیل له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و گه‌شتیاری له‌ بیابان و شوێنه‌ چیاییه‌كان، به‌رده‌سته‌ و گه‌شتیاران بۆ وه‌رگرتنی چێژ، له‌كاتێكی دیاریكراودا به‌و ئامێره‌ گه‌شت به‌ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن و وێنه‌ی خۆیان وه‌ك یادگاری تۆمار ده‌كه‌ن، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندان هه‌لی كار بۆ هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌ ده‌ڕه‌خسێنرێت.








وشە - محەمەد میران

ئه‌م بابه‌ته 191 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌