تەندروستیی سلێمانی: کارەساتێکی گەورە ڕوو دەدات

:: PM:12:18:31/05/2020 ‌
بەرپرسانی سلێمانی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەواوی سنوورەكەیان ڕادەگەیەنن و هۆشداری لە كارەساتێكی گەورە دەدەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 31ـی ئایار، یاد نەقشبەندی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، هاووڵاتییان تكاتان لێ دەكەم پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان بن، چونكە دڵنیا بن كارەسات روو دەدات.

هەفتەی داهاتوودا نەخۆشخانەكان جێی نەخۆشیان تێدا نەبێتەوە
باسی لەوەش كردووە، بە هەرسێ نەخۆشخانەكەی بۆ كۆرۆنا دیاری كراون، 180 قەرەوێڵەیە و 50 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەیە، بۆیە ئێستە وا خەریكە قەرەوێڵەكان پڕ دەبن، ئەگەری ئەوە هەیە لە هەفتەی داهاتوودا نەخۆشخانەكان جێی نەخۆشیان تێدا نەبێتەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە میدیاكانی ڕاگەیاند، لەم رۆژانەدا كۆبوونەوەی لیژنەی ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بۆ پارێزگاریكردن لە گیانی هاووڵاتییانیش هەموو رێكارێكمان گرتووەتەبەر، لەلای ئێمەوە دەبێ هەموو رێكارەكان توند بكرێنەوە و چاودێرییەكان زیاتر بكرێن، لای خەڵكیش دەبێت پابەندییەكان بە خۆپارێزی زیاتر بێت.

پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی لە سلێمانی تووشی كۆرۆنا ببن و تا ئێستە پشكنینیان بۆ نەكرابێت، ئەوەیش وایكردووە بەرپرسانی ئەو شارە جارێكی تر بیر لە كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ بكەنەوە.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 606 تووشبوون، لەناویاندا شەش مردن هەیە و 409 نەخۆش چاك بوونەتەوە، ئێستەش 191 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.



وشە - رامیار جەواد