بۆ ئەوانەی رەچاوی رێنوێنییە تەندروستییەکانی دژ به‌ كۆرۆنا ناکەن

:: PM:10:49:03/06/2020 ‌
 
مرۆڤ نابێ ھەڵەی ساڵی 1918 دووبارە بکاتەوە ، قورسترین ئێپیدمیای مێژوو، ئەنفلونزای ئیسپانیایی بوو کە لە ساڵی 1918 رووی دا، ئەم ئێپیدیمیایە تا ساڵی 1920 واتە دوو ساڵ درێژەی کێشا و سێ  شەپۆڵی لەخۆ گرت.

500 ملیۆن کەس  تووش بوون و 100 ملیۆن کەس بەھۆیەوە گیانیان لەدەست دا، واته‌ 5٪‏ی دانیشتووانی جیھان بوونە قوربانیی پەتاکە و زۆرترین حاڵەتی مردن لە شەپۆڵی دووەمدا رووی دا.

لە دوای کۆتاییھاتنی شەپۆڵی یەکەم، خەڵک کە لە کەرەنتینە  بێزار بووبوون، بە خۆشحاڵییەوە و بە بێ گوێ پێدان بە رێنوێنێیە تەندرۆستییەکان، رژانە سەر شەقامەکان و دوای تێپەڕبوونی چەند ھەفتەیەک شەپۆڵی دووەم دەستی پێ کرد و بەھۆیەوە دەیان ملیۆن کەس گیانیان لەدەست دا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ھیچ دەرمانێک بۆ چارەسەر کردنی ئەم نەخۆشییە نەدۆزرایەوە و نەخۆشییەکە خۆی لە خۆیدا کۆتایی ھات، سەیر لەوەدایە ئێمە وانە لە مێژوو وەرناگرین و ئێستە ھەمان ھەڵە دووبارە دەکەینەوە .. لێکۆڵەرە چینییەکان تا ئێستە 30 جۆرە ڤایرۆسی ناسراو بە  SARS-COV-2یان دۆزیوەتەوە کە 19 نوێترین جۆری ئەم ڤایرۆسەیە و خراپترین جۆری ڤایرۆسی ناوبراو بە بەراورد لەگەڵ لاوازترین جۆری،  270 ئەوەندە بۆ مرۆڤ کوشندەترە، کەواتە بە بەراورد بە ئەنفلونزای ئیسپانیایی دەتوانێ مەترسیداتریش بێ.

خاڵی گرینگ و جیاواز لە نێوان پەتای کۆرۆنا و ئەنفلونزای ئیسپانیایی ئەوەیە کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئەنفلونزای ئیسپانیایی گەشت کردن بە فڕۆكه‌ باو نەبوو و زۆربەی گەشتەکان بە شەمەندەفەر ئەنجام دەدران و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ھەندێ ناوچە لە جیھان چەندان مانگ یاخود ساڵی دەخایاند، بەو ھۆیەوە نەخۆشییەکە لە ھەموو ناوچەکانی دنیادا بڵاو نەبووەوە، بە پێچەوانەی پەتای کۆرۆنا کە بەخێرایی زۆربەی ناوچەکانی گۆی زەوی تەنیوە.

لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم کە نەخۆشیی ئەنفلونزای ئیسپانیایی لە بنەڕەتدا  بە ھەڵە بەو ناوە نرا، لەبەر ئەوەی کاتێک نەخۆششیەکە بڵاو بووەوە، تازە جەنگی جیھانی یەکەم کۆتایی ھاتبوو و وڵاتانی وەک ئەمەریکا و ئینگلتەرا و فرەنسا کە تازە لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر رزگاریان بووبوو، بۆ ئەوەی ورەی گەلەکەیان نەرۆخێ رێگرییان لە بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکانی نەخۆشییەکە لە رێگەی رۆژنامەکانیان کرد، بەڵام چونکە ئیسپانیا لە جەنگی جیھانی یەکەمدا بێلایەن بوو، بەبێ سانسۆر ھەواڵەکانی تایبەت بەم نەخۆشییەی بڵاو دەکردەوە و بەوھۆیەوە نەخۆشییەکە بە ئەنفلۆنزای ئیسپانیایی ناسێنرا

ئەندازیار/ رحاب مجید



وشە - باز ئه‌حمه‌د