كارەساتێكی مرۆیی چاوەڕوانی عێراق دەكات

:: AM:11:08:04/06/2020 ‌

عێراق یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای بەراورد بەوڵاتانی دراوسێ زۆر نزم بوو، بەڵام لەپڕ ئامارەكان هەڵكشاون و پێشبینی كارەساتێكی مرۆیی هاوشێوەی وڵاتانی تر لە عێراق دەكرێت.

تا سەرەتای مانگی رابردوو كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق دوو هەزار و 100 كەس بوو، ئەو ژمارەیە لە نیوەی مانگەكە بۆ سەرووی سێ هەزار حاڵەت و تا كۆتایی مانگەكەش بۆ سەرووی شەش هەزار و 400 حاڵەت هەڵكشا. 

ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە، لە سێ رۆژی یەكەمی ئەم مانگەدا ژمارەكە بۆ هەشت هەزار و 168 كەس بەرز بووەتەوە و نزیكەی 30% بە ژمارەی تووشبووان زیادی كردووە.

كێشەكەی عێراق تەنیا لە ژمارەی تووشبووان نییە، بەڵكو ژمارەی قوربانیانیش بە خێرایی هەڵكشاوە و 256 كەس بە كۆرۆنا مردوون و لە سێ رۆژدا كۆرۆنا 50 كەسی لە عێراق كوشتووە. دوێنێ 21 كەس و پێرێ 20 كەس بە كۆرۆنا مردن.

بەگوێرەی wordometers تا ماوەیەكی درێژ رۆژانە لە عێراق كەمتر لە 20 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگەیەنرا، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەپڕ ژمارەكە زیادی كردووە و دوێنێ چوارشەم 781 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون، پێرێ 500 كەس و رۆژێك پێشتریش 400 كەس تووشی كۆرۆنا بوون.
لەوانەیە ئەمڕۆ نزیكەی هەزار كەسی تر بە ژمارەی تووشبووان زیاد بن

ئەم ئامارە دەری دەخات لەوانەیە ئەمڕۆ نزیكەی هەزار كەسی تر بە ژمارەی تووشبووان زیاد بن. جگەلەمە ژمارەی قوربانیانیش زیاتر هەڵبكشێت.

لە عێراق چوار هەزار و 95 كەس چاك بوونەتەوە و سەرووی ئەو ژمارەیەش لە نەخۆشخانەكان لە ژێرچاودێریدان. كەمتەرخەمیی بەرپرسانی عێراق لە كردنەوەی سنوورەكان و نەبوونی رێوشوێنی خۆپارێزی، هۆكاری سەرەكی تەشەنەی كۆرۆنایە كە لەوانەیە كارەساتی مرۆیی لێ بكەوێتەوە.




وشە - سلێمان تاشان