ناوی بەشێك لە ئەندامانی شاندی گفتوگۆكاری عێراق لەگەڵ ئەمەریكا ئاشكرا دەبێت

:: PM:05:32:04/06/2020 ‌

بڕیارە لە 10-11ی ئەم مانگە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، شارەزایەكی تەناهی عێراق پێنج ناوی ئەندامانی شاندی گفتوگۆكاری عێراق ئاشكرا دەكات لە كۆی 21 ئەندامی شاندەكە و دووپاتی دەكاتەوە كە ئاستی شاندەكە لە خوار پلەی وەزیر دەبێت.
راستەوخۆ باسی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا ناكرێت
هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم لە تویتێك نووسیویەتی، تیمی گفتوگاری عێراق لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی لە 10ی ئەم مانگە لە خوار پلەی وەزیر دەبن و لە 21 كەس پێكهاتووە، ئەوان شارەزای سیاسی و پێوەندی نێودەوڵەتی و سەربازی و دارایی و فێركردنن، ئاماژەی كرد، لەوانە پێنج ناوی كەسانی كارامەن لە گفتوگۆكردن ئەوانیش، عەبدولكەریم هاشم و حارس حەسەن و لوقمان فەیلی و فەرید یاسین و حامد خەلەفن، گفتوگۆكەیش لە رێگەی بازنەیەكی داخراوی تەلەڤزیۆنییەوە دەبێت.  

سێشەمی رابردوو هیشام داود، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، گفتوگۆی عێراق و ئەمەریكا لە 10ی ئەم مانگە دەست پێ دەكات و رەنگە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و خوار ئەوەوە بێت و پێشبینی كرد كە رەنگە بەمنزیكانە كازمی بەشداری تیادا نە كات، دووپاتی كردەوە لەو گفتوگۆیە دووپات لە سەروەریی نیشتمانی دەكەین بێ ئەوەی راستەوخۆ باسی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا بكەین.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل