عێراق قەدەغەی هاتوچۆی درێژ كردەوە

:: PM:08:39:06/06/2020 ‌

دوای ئەوەی ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق هەزار حاڵەتی رۆژانەی تێپەڕ كرد و بەرپرسانی تەندروستی وریاییان لە لەدەستدەرچوونی دۆخەكە دا، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی رێوشوێنە خۆپارێزییەكانی توندتر كرد، ئەوەیش لە رێگەی درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆی سەرانسەری و داخستنی پارێزگاكان.
هاووڵاتییان ناچاری خۆپارێزی دەكرێن
دوای كۆبوونەوەی لیژنەكە بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەیاننامەیەك دەركرا و تیایدا هاتووە، كازمی رێنوێنی داوە بە بەردەوامبوونی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ئەم هەفتەیە و كردنی بە قەدەغەی بەش بەش لە هەفتەی داهاتووەوە، باسی گرنگی پابەندی هەمووان بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و خۆبەدوورگرتنی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ناچاركردنی هاووڵاتییان بە پابەندبوون بە پاراستنی خۆیان.  

لیژنەكە چەند بڕیارێكی دا لەوانە، بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتوچۆ لەمڕۆوە تا شەمووی داهاتوو، لەگەڵ توندكردنی رێوشێنەكان و جێبەجێكردنیان بە وردی لە قەدەغەی گردبوونەوە و داخستنی چێشتخانە و هۆڵەكان، جگە لە ماركێتەكان و نانەواخانە و دەرمانخانەكان، ناچاركردنی هاووڵاتییان بۆ بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان و سزادانی پێشێلكاران و پارێزگاریكردنی لە یەكتردووركەوتنەوە بۆ دوو مەتر و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان، دوای ئەم هەفتەیەیش قەدەغەی هاتوچۆی كاتی و ناوچەیی پێڕەو دەكرێت.

لە رێنوێنییەكان، داخستنی تەواوەتی پارێزگاكانی مەزاری پیرۆزیان هەیە و وەرگرتنی رێوشوێنی تایبەت بۆ ناشتنی مردوو و توندكردنی رێوشوێن لە پارێزگاكانی دەروازەی سنووریان لەگەڵ وڵاتانی تر هەیە.     





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل